داوامان لە وەزیری دەرەوەی تورکیا کرد کێشەی پەکەکە لە ڕێگای سیاسییەوە چارەسەر بکرێت و نەهێندرێتە ناو خاکی هەرێم

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- وتەبێژی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لەبارەی کۆبوونەوەی حزبەکەی لەگەڵ هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا بە کوردپرێسی وت: پرسی زۆر لەوان بابەتی ئاو و وزە و پرسە ئەمنییەکان لەو دیدارەدا باسی لەسەر کرا و ئێمە وەکوو یەکگرتووی ئیسلامی داوامان کرد کە کێشەکانی ناوخۆی تورکیا نەهێندرێتە ناو خاکی ئێمە و لە پرسی پەکەکەدا ئەم کێشە دەبێت لە ڕێگای سیاسییەوە چارەسەر بکرێت.

کوردپرێس

 خەلیل ئیبراهیم وتەبێژی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێسدا لەبارەی سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی تورکیا بۆ لای یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان وتی: لە دوای هەڵبژاردنەکانی تورکیاوە ئەمە یەکەمین سەردانی وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتەیە بۆ عێراق، مەبەستی سەرەکیی ئەم سەدانەش زەمینە خۆش کردن بوو بۆ سەردانی ڕەجەب تەییب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا. بەرنامەی کاریی هاکان فیدان وا دانرا بوو کە زۆر کەس لە عێراق ببینێت و لەگەڵ لایەنە شیعە و سونە و حزبە جیاوازە عێراقییەکان کۆبوویەوە هەروەها کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراقی ئەنجام دا لەوان سەرۆک وەزیران و سەرک کۆمار و سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکی ئەنجومەنی داد و هەموو ئەوانەی خاوەن پێگە و کاریگەریی بوون. پاش ئەوەی هاتە هەولێریش هەواڵمان پێدرا کە لە بەرنامەیدا هەیە سەردانی یەکگرتووی ئیسلامی بکات ئەمەش پرسێکی سروشتی بوو لەلای ئێمە و بۆیە پێشوازییمان لێکرد. لەو سەردانەدا هاکان فیدان حەزی لێ­بوو کە لەم سەردانەدا بۆ عێراق ڕاوبۆچوونی لایەنە جیاجیاکانی عێراق وەربگرێت، ئێمەش عەلاقاتی قەدیممان لەگەڵ پارتی داد و گەشەپێدا وەکوو دوو حزبی ئیسلامی هەیە. ئێستا کە ئەوان دەسەڵاتیان لە تورکیا بەدەستەوەیە تا ئێستاش ئەو پێوەندی و عەلاقاتە هەیە.

وتەبێژی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لەبارەی ئەو بابەتانەی کە وەزیری دەرەوەی تورکیا لەگەڵ یەکگرتووی ئیسلامی باسی لەسەر کردوون وتی: لەبارەی تەوەری سەردانەکەشەوە بابەتەکان زۆرن ئەمینداری گشتیی یەکگرتوو لەو دیدارەدا تەرکیزی لەسەر کێشەکانی نێوان عێراق و تورکیا و مەسەلەی بوودجە و ئاو و ئابووری ئەمنی کردەوە. هەروەها تەوەرێکی دیکە دیدارەکەی یەکگرتوو لەگەڵ وەزیری دەرەوەی تورکیا مەسەلەی نەوت بوو و هەموو ئەم باسانە بە تێروتەسەلی باسی لەسەر کرا و ئەمینداری یەکگرتووی داوای کرد لەم بابەتانەدا تورکیا ڕۆڵی ئیجابیی هەبێت و ڕایگەیاند لە ڕێگای سەربازییەوە هیچ کێشەیەک چارەسەر نابێت و دەبێت لە ڕێگای زمانی گفتوگۆ و ئاشتی و دیموکراسیانەوە کێشەکان چارەسەر سەر بکرێت. ڕا و بۆچوونەکانی ئەمینداری یەکگرتوو جێگای بایەخ بوون لەلایەن هاکان فیدانەوە و وتی ئێمە حەزمان لێبوو نەزەری ئێوەش بزانین.

خەلیل ئیبراهیم هەروەها بە کوردپرێسی ڕاگەیاند: ئێمە بە عام باسمان لەوەش کرد کە حەز دەکەین عێراق وڵاتێکی موسالیم بێت بۆ هەموو جیرانەکان؛ پەیوەندییەکانی ئێمە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ پێوەندییەکی ئاسایی بن و لەسەر ئەساسی بەرژەوەندیی هاوبەش بێت و هەروەها ڕێز لە سەروەریی عێراق و هەرێمی کوردستان بگیردرێت و داواشمان کرد کە کێشەکانی ناوخۆی تورکیا نەهێندرێتە ناو خاکی ئێمە و لە پرسی پەکەکەدا ئەم کێشە دەبێت لە ڕێگای سیاسییەوە چارەسەر بکرێت ئێمە و شەڕ ناتوانێت چارەسەر بێت و ئێمە لەگەڵ شەڕدا نین.

ناوبراو لە کۆتاییدا وتی: ئێمە هەروەها نەزەرەکانی خۆمان لەبارەی کۆی پرسەکانی عێراق و تورکیا و ناوچەکەش بە هەرێمی کوردستانەوە خستەڕوو و وەزیری دەرەوەی تورکیاش ڕاوبووچوونەکانی ئێمەی وەرگرت و ڕایگەیاند ئێمە زۆر حەریسین پێوەندییەکانمان بەرەو پێش ببەین و ئەگەر گرێ و کێشەیەک هەبێت چارەسەری بکەین چوونکە ئێمە دوو دەوڵەتی جیرانین کە موحتاجی یەکترین و پێوەندیی مێژوویمان پێکەوە هەیە.

 

News Code 222029

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha