پارتی و یەکێتی داوای دروست‌کردنی هاوپەیمانییان لە کۆمەڵ کردووە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- بەرپرسی مەکتەبی هەڵبژاردن و ئاماری کۆمەڵی دادگەریی کوردستان رایگەیاند، لەبەر ئەوەی یەکێتی و پارتی هۆکاری دروست‌نەکردنی لیستێکی کوردستانین لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ چەند کەسایەتی و لایەنێک گفتوگۆ کراوە بۆ دروست‌کردنی لیستێک بەبێ پارتی و یەکێتی.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، بێستوون حەمەساڵح، بەرپرسی مەکتەبی هەڵبژاردن و ئاماری کۆمەڵی دادگەریی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوتی، "پارتی و یەکێتی داوای پێکهێنانی هاوپەیمانییان کردووە، بەڵام هێشتا وەڵاممان نەداونەتەوە، چەند پێشنیاز و پڕۆژەیەکی دیکەش هەیە و تاوتوێیان دەکەین."

ئەو بەرپرسەی کۆمەڵی دادگەری ئاماژەی بەوەش دا، لەگەڵ چەند لایەن و کەسایەتییەک کۆبوونەتەوە و تاوتوێی پێکهێنانی لیستێک کراوە بەبێ پارتی و یەکێتی، چونکە بە گوتەی ئەو "ئەو دوو حیزبە بەرژەوەندییەکانی خۆیان خستووەتە پێش بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان و هۆکارن بۆ پێکنەهێنانی لیستێکی کوردستانی بۆ ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان."

بەرپرسی مەکتەبی هەڵبژاردن و ئاماری کۆمەڵی دادگەریی کوردستان ئەوەی خستەڕوو، "دەمانەوێت یەک لیستی کوردستانی لە ناوچە کوردستانییەکان هەبێت، بەڵام بەپێی پێدراوەکان، دروستکردنی لیستێکی لەو شێوەیە کارێکی ئەستەمە."

سەبارەت بە هاوپەیمانی لەگەڵ پارتی، یەکێتی و لایەنەکانی دیکە، بێستوون حەمەساڵح گوتی، "بەڵێنمان بە هیچ لایەنێک نەداوە و لە ماوەی ئەو 14 رۆژەی کە ماوە هەموو ئەگەرەکان تاوتوێ دەکەین، بەڵام ئەوە یەکلابووەتەوە کە بەشداریی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان دەکەین و ئامادەکاریمان بۆ هەڵبژاردنەکە کردووە."

ئەو بەرپرسەی کۆمەڵی دادگەری پشتیوانیی حیزبەکەی بۆ هەوڵەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەربڕی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و رایگەیاند، "پشتیوانی ئەو هەوڵانەین کە نایانەوێت هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەوە زیاتر دوابکەوێت، پێشتریش پشتیوانی هەوڵەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بووین بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە وادەی خۆیدا."

شایانی باسە بڕیارە هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق لە 18ى کانوونى یەکەمى 2023 بکرێت، کە یەکەمجارە لەدواى ساڵى 2013 ئەو هەڵبژاردنە بکرێت، کە بۆ ماوەى چوار ساڵە، لەدواى ئەوەى لە ساڵى 2019 بە بڕیارى پەرلەمانى عێراق کارکردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان سڕ کرا.

News Code 221849

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha