بەپێی هەواڵی کوردپرێس، له نووسراوهكهی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستاندا ئاماژه بهوه كراوه كه بهپێى فهرمانى ههرێميى ژماره (۹۰) له ۲۰۲۳/۳/۲۶، بڕيار دراوه ههڵبژاردنى پهرلهمانى كوردستان رۆژى ۲۰۲۳/۱۱/۱۸ بهڕێوهبچێت، بۆیە داوای كردووه كۆميسیۆنى باڵاى سهربهخۆى ههڵبژاردنى عێراق ئامادهيى نيشان بدات بۆ سهرپهرشتيكردنى ههڵبژاردن لهو رێکەوتەدا يان لهگهڵ ههڵبژاردنى ئهنجوومهنى پارێزگاکانی عێراق له ۲۰۲۳/۱۲/۱۸.
رۆژی یەکشەممە، ۲۶-۰۳-۲۰۲۳، دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لەبارەی دیاریکردنی رۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، فەرمانی هەرێمیی ژمارە ۹۰ـی ساڵی ۲۰۲۳ـی خوێندەوە کە دیاریکردنی وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بوو.
دڵشاد شەهاب بە میدیاکانی راگەیاند، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەپێی یاسای ژمارە یەکی ساڵی ۲۰۰۵ـی هەمووارکراو کە یاسای سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانە، رۆژی ۱۸-۱۱-۲۰۲۳ـی وەکو رۆژی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمان دیاریکرد.
دوای دوو مانگ لە دەستنیشانکردنی ئەو وادەیە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، رۆژی سێشەممە، ۳۰-۰۵-۲۰۲۳، دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق تاوتوێی چەند سکاڵایەکی کرد کە یەکێک لەوان درێژکردنەوەی تەمەنی ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستان بوو. دادگەکە بڕیاری دا کە درێژکردنەوەی تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان نادەستوورییە.
ئەو بڕیارەی دادگە دوای ئەوە هات کە رۆژی ۹ـى تشرینى یەکەمى ۲۰۲۲، پەرلەمانى کوردستان بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمانى تاوەکو کۆتایی ساڵی ۲۰۲۳ درێژکردەوە، لە کاتێکدا خولی پێنجەم رۆژی ۰۶-۱۱-۲۰۲۲ کۆتایی هات.
رۆژی دووشەممە، ۲۲ـی ئایاری ۲۰۲۳، بەهۆی زیادکردنی بڕگەی کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن لە بەرنامەی کاری کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان بەبێ رەزامەندیی سەرۆکی پەرلەمان و فراکسیۆنی یەکێتی، گرژی و ئاڵۆزی لەنێوان هەردوو فراکسیۆنی یەکێتی و پارتی دروست بوو و سەرۆکی پەرلەمان کۆتایی بە دانیشتنەکە هێنا.
دوای کۆبوونەوەکە، فراکسیۆنی پارتی ئاماژەی بەوەکرد، لەنێو هۆڵی پەرلەمان و بە دەنگی ۵۸ ئەندام پەرلەمان، کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان کاراکرایەوە، فراکسیۆنی یەکێتیش ئەوەیان رەتکردەوە و ئاماژەیان بەوەکرد، رێگرییان لە بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی پەرلەمان کردووە.
دوای ئەوەش هێمن هەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمان بە نووسراوێک ئاگاداری ئەنجوومەنی دادوەری، کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی کردەوە کە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان کاراکراوەتەوە و ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکەن، دوای ئەوەش رۆژی ۲۳-۰۵-۲۰۲۳ بڕیاری کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن لە رۆژنامەی وەقائیعی کوردستان بڵاوکرایەوە.
بەڵام بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵیی عێراق هەموو ئەو کارانەی پەرلەمانی بە نایاسایی ناوبرد کە لە دوای درێژکردنەوەی تەمەنییەوە دەریکردوون، بەوەش دەبێت کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنی عێراق سەرپەرشتیی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکات.
Your Comment