هەولێر دەستەخوشکی ناشاڤیڵی ئەمریکا

ئەنجوومەنی شاری ناشاڤیڵی ویلایەتی تێنسیی ئەمریکا هەولێری بە دەستەخوشکی خۆی پەسند کرد.

ناشڤیڵ بە کوردستانی بچووک دەناسرێت، بەهۆی ئەوەی بەشی هەرە زۆری رەوەندی کوردی لە ئەمریکا، لەو شارەدا دەژین.

نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەمریکا لە تویتێکدا نووسی: "بە فەرمی، شەوی ڕابردوو، ئەنجوومەنی شاری ناشڤیڵ بە کۆی دەنگ پڕۆژەبڕیارێکی پەسند کرد بۆ ئەوەی هەولێر بکاتە دەیەمین شاری دەستەخوشکی خۆی."

بەم بڕیارە، هەولێر لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەبێتە تاکە شاری دەستەخوشکی شاری ناشڤیڵ و لە رێگەی ئەم بەندە نوێیەی نێوانیان، پەیوەندی و پێکەوەکارکردنیان زیاتر دەبێت، بە تایبەتی لە بواری پەروەردە، خوێندن و کولتوور.

بەیان سامی عەبدولڕەحمان دەڵێت: "پیرۆزبایی لە شاری میوزیک و پایتەختی هەرێمی کوردستان دەکەم بە بۆنەی ئەو هاوبەشبوونە کە موژدەی ئاڵۆگۆڕی کولتووری، پیشەگەری و جەماوەری دەدات."

نوێنەری هەرێمی کوردستان لە ئەمریکا لە بارەی بڕیاری پەسندکردنی هەولێر بە دەستەخوشکی ناشڤیڵ دەڵێت: "ئەمە تەنیا سەرەتای گەشتەکەی"؛ هەروەها سوپاسی ئەو کەس، گرووپ و دامەزراوانە دەکات کە لە دروستکردنی ئەو پەیوەندییەدا هاوکار بوون.

هەوڵەکانی بەدەستەخوشک ناساندنی هەولێر و ناشڤیڵ ساڵی رابردوو دەستیانپێکرد کاتێک کە شاندێکی هەولێر بە سەرۆکایەتیی پارێزگاری هەولێر سەردانی ویلایەتی تێنسییان کرد.

News Code 221828

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha