ئەردۆغان پرۆتۆکۆلەکانی ئەندام‌بوونی سوید لە ناتۆ ئاراستەی پەرلەمانی وڵاتەکەی دەکات

بەشی جیهان- ئەنقەرە پرۆتۆکۆلەکانی ئەندام‌بوونی سوید لە ناتۆ ئاراستەی پەرلەمان دەکات، ستۆکهۆڵمیش پاڵپشتی هەوڵەکان دەکات بۆ زیندووکردنەوەی پرۆسەی ئەندام‌بوونی تورکیا لە یەکێتیی ئەورووپا.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، بەگوێرەی راگەیەندراوێکی هاوبەشی تورکیا و سوید و ناتۆ، لە شاری ڤیلنیوسی پایتەختی لیتوانیا هەریەک لە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا و ئولف کریسترۆن سەرۆک وەزیرانی سوید و ینس ستۆڵتنبێرگ سکرتێری گشتی ناتۆ کۆ بوونەوە.

ئاماژە بەوەکراوە، تورکیا و سوید لە دوایین کۆبوونەوەی لووتکەی ناتۆوە لە نزیکەوە کاریان کردووە بۆ چارەسەرکردنی نیگەرانییە ئەمنییە ڕەواکانی ئەنقەرە و دەشڵێت، "لە چوارچێوەی ئەم قۆناغە و لە چوارچێوەی ئەو هەنگاوانەی کە لە یاداشتە سێ قۆڵییەکاندا هاتوون و لەسەری ڕێککەوتوون، سوید بە هەموارکردنەوەی دەستووری خۆی، یاساکانی گۆڕی و هاوکارییەکانی تورکیا بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە دژی پەکەکە زۆر فراوانتر کرد و هەناردەکردنی چەکی بۆ تورکیا دەستپێکردەوە".

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو، تورکیا و سوید ڕێککەوتوون لەسەر درێژەدان بە هاوکارییەکان لە چوارچێوەی هەردوو میکانیزمی سێ قۆڵی هاوبەشی هەمیشەیی کە لە لوتکەی ناتۆ لە مەدریدی پایتەختی ئیسپانیا لە ساڵی ۲۰۲۲ دامەزرا، هەروەها میکانیزمێکی نوێی ئاسایشی دوولایەنە کە گرووپی کاری گونجاو پێکدەهێنێت و ساڵانە لەسەر ئاستی وەزاری کۆ دەبنەوە.

باس لەوەش کردوە، سوید لە یەکەم کۆبوونەوەی کۆمیتەی ئاسایشدا نەخشەڕێگایەک بۆ جێبەجێ کردنی تەواوی بڕگەکانی یاداشتە سێ قۆڵییەکان دەخاتەڕوو، لەوانەش مادەی چوارەم وەک بنەمایەک بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بە هەموو شێوە و دەرکەوتەکانییەوە.

دووپاتیشی‌کردەوە، سوید پاڵپشتی ڕێکخراوەکانی یەپەگە/ پەکەکە و گولەن ناکات، ئەمەش ئاماژەیە بۆئەوەی تورکیا و سوید هاوڕان لەسەر ئەوەی هاوکاری یەکتر بکەن لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و ئەو هەنگاوەش درێژخایەن دەبێت لەدوای ئەندامبوونی سوید بە ناتۆ.

لەو راگەیەندراوە سێ قۆڵیەدا باس لەوەش کراوە، سکرتێری گشتی ناتۆ ستۆڵتنبێرگ ئیدانەکردنی بێ دوو دڵی هاوپەیمانییەکەی بۆ تیرۆر بە هەموو فۆرم و دەرکەوتەکانی دووپات کردەوە و ناتۆ هەوڵەکانی زۆر خێراتر دەکات لەم بوارەدا، لەوانەش دامەزراندنی پێگەی ڕێکخەری تایبەت بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بۆ یەکەمجار لە مێژوی خۆیدا.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئێمە پابەندین بەو پرەنسیپەی کە هیچ سنووردارکردن و ئاستەنگ و سزایەک لەسەر وەبەرهێنانی بازرگانی و بەرگری لە نێوان هاوپەیماناندا نییە و کاردەکەین بۆ ڕەواندنەوەی ئەو جۆرە ئاستەنگانە.

هەروەها تورکیا و سوید ڕێککەوتوون لەسەر زیادکردنی هاوکارییە ئابورییەکان لە ڕێگەی لیژنەی هاوبەشی ئابووری و بازرگانی نێوان هەردوو وڵات، ئەنقەرە و ستۆکهۆڵم تاوتوێی ڕێگاکانی زۆرترین دەرفەت بۆ زیادکردنی بازرگانی و وەبەرهێنانی دوولایەنە دەکەن.

هەر بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، سوید چالاکانە پاڵپشتی هەوڵەکانی پەیوەست بە بوژاندنەوەی ڕێڕەوی ئەندامێتی تورکیا لە یەکێتی ئەورووپا دەکات، لەوانە نوێ‌کردنەوەی ڕێککەوتنی یەکێتی گومرگی و نەهێشتنی ڤیزا.

لەسەر ئەم بنەمایە و لە چوارچێوەی مەرجەکانی ڕێگری و بەرگری لە ناوچەی یۆرۆ ئەتڵەسی، تورکیا پرۆتۆکۆلەکانی ئەندامبوونی سوید ئاڕاستەی پەرلەمانەکەی دەکات، هەروەها لە نزیکەوە هاوکاری پەرلەمان دەکات بۆ دڵنیابوون لە پەسەندکردنیان.

News Code 221824

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha