بەپێی هەواڵی کوردپرێس، نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە، رێککەوتنەکە لەلایەنی عێراقییەوە لەلایەن بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆک وەزیران ئیحسان یاسین ئەلعەوادی واژۆ کراوە، هاوکات لە لایەنی ئێرانیشەوە لەلایەن محەمەد کازم ئال سادق، باڵیۆزی کۆماری ئیسلامی ئێران لە بەغدا واژۆ کراوە.
ئاماژە بەوەش کراوە، رێککەوتنەکە دوای دانووستانەکان بوو کە چەند رۆژێکی خایاند، کە تیایدا شاند و لیژنە تەکنیکی و تەکنیکیەکانی هەردوولا بەشداریان کرد.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئەم ڕێککەوتنە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی حکوومەتدا دێت بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی دابینکردنی غاز بۆ بەڕێوەبردنی وێستگەکانی کارەبا، هەروەها دوور کەوتنەوە لە کێشەی دارایی و سزاکانی ئەمریکا کە ڕێگری لە بەردەوامیی پێدانی پێداویستییەکانی هاوردەکردن دەکات.
محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا کۆتاییهاتنی قەیرانی غازی هاوردەکراوی ڕاگەیاند، کە وێستگەکانی کارەبا بەڕێوەدەبات، هاوکات ڕێکەوتنێکی لەگەڵ ئێران ئاشکرا کرد بۆ پێدانی نەوتی ڕەش لە بەرامبەر غازدا.
Your Comment