بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە بارەگانی مەکتەبی سیاسی یەکێتی، وەفدی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە شاری هەولێر کۆبوونەوە.
وەفدی پارتی فازل میرانی بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی سەرۆکایەتی کردوو پێکهاتووە لە هەریەکە لە:
• سیداد بارزانی
• هوشیار زێباری
• فوئاد حوسێن
• مەحمود محەمەد
• زاگرۆس فەتاح
بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی سەرۆکایەتی وەفدی یەکێتیی کرد لەم گفتوگۆیەدا، وەفدی یەکێتیی پێکهاتوون لە هەریەکە لە:
• جەعفەر شێخ مستەفا
• دەرباز کۆسرەت رەسوڵ
• شاڵاو عەلی عەسکەری
کۆبوونەوەکەی نێوان یەکێتی و پارتی بێ ئەنجام بووە، هەردوولا لەسەر پرسی بەرێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان و پەیوەندییەکان لەگەڵ بەغداد ناکۆکبوون، سەرەڕای ناکۆکییەکانی دیکە.
یەکێتی لەگەڵ ئەوەبووە کە کۆی کێشەکانی نێوان پارتی و یەکێتی بەیەک پاکێج گفتوگۆی لەسەر بکرێت و هەوڵی چارەسەری بکرێت، پارتی لەگەڵ ئەوەبووە کە لەم دۆخەی ئێستادا کێشەکانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان و پرسی پەیوەندییەکانی هەرێم لەگەڵ بەغداد چارەسەر بکرێن، بەڵام نەگەیشتوونەتە ئەنجام.
دوای گەڕانەوەی تیمی یەکێتیی بۆ ناو کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران لە ناوەڕاستی مانگی ئایاری ئەمساڵدا، چەند رۆژێک دۆخی پەیوەندییەکانی پارتی و یەکێتیی ئاسایی بووەوە، بەڵام پرسی دەنگدان لەسەر یاسای بودجەی 2023ی عێراق سەرلەنوێ پەیوەندی نێوان هەردوو حزبی ئاڵۆز کردەوە، پارتی پێیوایە یەکێتیی لەپشت ئەو هەوڵانەوە بووە کە لەناو بودجەدا بۆ لاوازکردنی دەسەڵاتی حکومەتی هەرێم گیراونەتە بەر، ئەمە سەرباری ناڕەزایەتی پارتی دژی جێگیرکردنی ئەو بڕگەیە لە بودجەدا کە ماف بە پارێزگاکانی هەرێم دەدات لە حاڵەتی بوونی ناڕەزایەتیدا بتوانن بەشێوەی راستەوخۆ مامەڵەی دارایی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ بکەن، ئەم بڕگەیە لەسەر داوای یەکێتیی چەسپێندراو پارتی وەکو هەوڵدان بۆ پەرتکردنی هەرێمی کوردستان وێنای دەکات.
سەرباری ئەوەی مانگی ئایار تیمی پارتی و یەکێتیی رێککەوتنیان کرد لەسەر ئەوەی دۆسیە ئەمنییەکانی نێوانیان (بەدیاریکراوی دۆسیەی کوژرانی هاوکار جاف) بدەنە دەست لیژنەیەکی هاوبەش کە بە ئامادەیی لایەنی نێودەوڵەتی لێکۆڵینەوەی تێدا بکات، بەمدواییە دادگای هەولێر سزای ئیعدامی بۆ (وەهاب هەڵەبجەی) فەرماندەی هێزی دژەتیرۆری یەکێتییو 8 فەرماندەی تری ئەو هێزە دەرکرد، ئەمەش هێندەی تر پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو حزبەکەی توشی گرژی کردەوە.
لەپاڵ دۆسیەی ئەمنی و دارایدا، پارتی و یەکێتیی لەسەر پرسی سازدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستانیش ناکۆکن، ئەم ناکۆکییە هێشتا بەبێ چارەسەر ماوەتەوە و چارەنووسی هەڵبژاردنیشی خستوەتە ناو تونێلێکی نادیارەوە.
Your Comment