پێویستە هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان نەبنە قوربانیی ململانێ سیاسیەکان

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سەڵاحەدین بەهائەدین ئەمینداری گشتیی یەکگرتوو رایگەیاند: "زەروورە کورد خۆی بۆ هەر گۆڕانکارییەکی چاوەڕوان نەکراو لە ناوچەکە ئامادە بکات و بەرنامە و پلانی پێشوەختەی بۆ ئەو مەبەستە هەبێت".

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سەلاحەدین محەمەد بەهائەدین ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجومەنی جێبەجێ کردن و سەرکردایەتی، پێشوازیی کرد لە بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان و شاندێکی یاوەری.

لە دیدارێکدا گفتوگۆ دەربارەی بارودۆخی سیاسی عێراق و هەرێم و ناوچەکە کرا، ئەمینداری گشتی یەکگرتوو جەختی کردەوە: "پێویستە هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان بەگشتی و مووچەخۆران بە تایبەتی نەبنە قوربانیی ململانێ سیاسیەکان، چوونکە بەداخەوە لەماوەی ۳۰ ساڵی حکومڕانی کوردیدا هاوڵاتیانی سڤیل قوربانی یەکەمی ناکۆکی و ململانێ سیاسیەکان بوون، بۆیە پێویستە لەسەر کاربەدەستانی حکوومی لەکاتی دروستبوونی ناکۆکیەکان کار لەسەر ئەوە بکەن کە مووچە و بژێوی خەڵک لەدەرەوەی ناکۆکیەکان بێت".

لەبەشێکی دیکەی وتەکانیدا، ئەمینداری گشتیی یەکگرتوو ئاماژەی بەوەدا: "زەروورە کورد خۆی بۆ هەر گۆڕانکارییەکی چاوەڕوان نەکراو لە ناوچەکە ئامادە بکات و بەرنامە و پلانی پێشوەختەی بۆ ئەو مەبەستە هەبێت".

لەلایەن خۆشیەوە، سەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان ڕۆڵی ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی لە گۆڕەپانی سیاسی عێراق و هەرێمی کوردستان بەگرنگ وەسف کرد و ڕوونیشی‌کردەوە، "یەکگرتوو هەر لەسەرەتای دروستبوونی تاوەکوو ئێستاشی لەگەڵدا بێت زەروورەتی کایەی سیاسی کوردستان بووە".

News Code 221735

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha