بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاندووە: ئامانجی سەردانی ئەم شاندەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ لۆکسەمبۆرگ بەهێزکردنی پەیوەندییەکانە، چوونکە هەرێمی کوردستان لە ناوچەیەکدایە کە لە گۆڕانکاریی بەردەوامدایە و لەگەڵ هەر دۆخێکیشدا پێویستە پەیوەندییەکان بگونجێندرێن.
هەوڵی لاوازکردنی پێگەی هەرێمی کوردستان دەدرێت
بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دان بەوەدا دەنێت کە هەندێک لایەن لە عێراق هەوڵی لاوازکردنی پێگەی هەرێمی کوردستان دەدەن و دەڵێت: راستە لێکتێگەیشتن لەنێوان هەولێر و بەغدا هەیە و بەشێک لە کێشەکان چارەسەرکراون، بەڵام هێشتا کێشە لەنێوانیاندا ماوە و هەندێک لایەن هەن لە بەغدا سیستمی فیدراڵی قبووڵ ناکەن، هەربۆیە ئاڵنگاریی زۆر رووبەڕووی هەرێمی کوردستان دەکرێتەوە و هەوڵێکی بەردەوام هەیە بۆ لاوازکردنی پێگەی سیاسیی و ئابووریی و دیپلۆماسی هەرێمی کوردستان.
دیموکراسی و هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان
سەرۆکی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لۆکسەمبۆرگ باسی مژارێکی دیکەی کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە دەکات کە پرسی دیموکراسی و هەڵبژاردن و بنەماکانی ئازادییە و دەڵێت: هەرێمی کوردستان بایەخێکی زۆری بە ئازادیی تاک و رادەڕبڕین داوە، بەڵام هێشتا کەموکوڕی هەیە، بۆیە لەگەڵ وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا بەهێزکردنی دیموکراسیی هەرێمی کوردستان تاوتوێ دەکەن.
بە گوتەی دزەیی، یەکێک لە گرنگترین ئەو مژارانەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی لۆکسەمبۆرگ و بەرپرسانی ئەو وڵاتە گەنگەشەیان کردووە و لە رۆژانی داهاتووشدا لەگەڵ بەرپرسانی وڵاتانی دیکەی ئەورووپا گەنگەشەی دەکەن پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانە و گوتی: داوامان کرد یەکێتیی ئەورووپا پاڵپشتیی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان بن لە وادەی دەستنیشانکراوی خۆیدا.
بڕیارە شاندەکە ماوەی سێ رۆژ لە ئەورووپا بمێننەوە و ژمارەیەک دیدار و کۆبوونەوە بکەن و وەک سەرۆکی شاندەکەش دەڵێت: "لە کۆبوونەوەکاندا پرسی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە و رۆڵی هەرێمی کوردستان تێیدا؛ پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا و بارودۆخی نێوخۆیی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وڵاتانی ئەورووپا و یەکێتی ئەورووپا گەنگەشە دەکرێن".
Your Comment