بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئەو چاودێرانە باسیان لەوەکردوە، بەوپێیەی کەش و بارودۆخی ناوخۆی تورکیا لەدوای هەڵبژاردنەکانی ئەمدواییەی ئەو وڵاتە هیچ گۆڕانکارییەکی بەسەردانەهاتووە و هێشتا ئەنکەرە سوورە لەسەرئەوەی دەبێت نەوتی خاوی هەرێمی کوردستانی بەنرخێکی هەرزان دەستبکەوێت، ئەوە جگە لە مەرجی دەستبەردار بوونی عێراق لەو قەرەبووەی دادگای پاریس بەسەر تورکیایدا سەپاندووە، هەربۆیە هیچ ئاسۆیەک بۆ دەستپێکردنەوەی نەوتی هەرێم دیار نییە.
ئەوەش هاتووە، هەموو ئاماژەکان بەرەو ئەوەن کە حکوومەتی عێراق لەدوای پەسەندکردنی بوودجەی گشتیی فیدراڵیی، نەوتی خاوی هەرێمی کوردستان تەنها بۆ بەکارهێنانی ناوخۆیی بەکاربهێنێت و هەناردەی دەرەوەی نەکاتەوە، کە لە۲۵ی ئایاری ڕابردوو و لەدوای بڕیارەکەی دادگای پاریس ڕاگیراوە.
پێنجشەممەی ڕابردوو، "باسم محەممەد عەبادی" بریکاری وەزیری نەوتی عێراق بۆ کاروباری دەرهێنان بەڕۆژنامەی سەباحی ڕاگەیاندبوو، ڕێککەوتن لەگەڵ لایەنی تورکیا کراوە ڕۆژی ۱۹ـی ئەم مانگە لەبەغدا کۆببنەوە بۆ تاووتوێکردنی هەناردەکردنەوەی نەوتی کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جەیهانی تورکی.
Your Comment