نوێترین زانیارىیەکان له‌باره‌ى هه‌نارده‌ى نه‌وتى هه‌رێمی کوردستانه‌وه‌

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی تەلەفزیۆنی "ئەلبەغدادییە" کە پشتی بەسەرچاوەی تایبەت بەستووە، پێناچێت کۆبوونەوەکەی ڕۆژی ۱۹ی ئەم مانگە لەنێوان شاندی عێراق‌ و تورکیا لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان سەرکەوتن بەدەست بهێنێت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئەو چاودێرانە باسیان لەوەکردوە، بەوپێیەی کەش‌ و بارودۆخی ناوخۆی تورکیا لەدوای هەڵبژاردنەکانی ئەمدواییەی ئەو وڵاتە هیچ گۆڕانکارییەکی بەسەردانەهاتووە و هێشتا ئەنکەرە سوورە لەسەرئەوەی دەبێت نەوتی خاوی هەرێمی کوردستانی بەنرخێکی هەرزان دەستبکەوێت، ئەوە جگە لە مەرجی دەستبەردار بوونی عێراق لەو قەرەبووەی دادگای پاریس بەسەر تورکیایدا سەپاندووە، هەربۆیە هیچ ئاسۆیەک بۆ دەستپێکردنەوەی نەوتی هەرێم دیار نییە.

ئەوەش هاتووە، هەموو ئاماژەکان بەرەو ئەوەن کە حکوومەتی عێراق لەدوای پەسەندکردنی بوودجەی گشتیی فیدراڵیی، نەوتی خاوی هەرێمی کوردستان تەنها بۆ بەکارهێنانی ناوخۆیی بەکاربهێنێت ‌و هەناردەی دەرەوەی نەکاتەوە، کە لە۲۵ی ئایاری ڕابردوو و لەدوای بڕیارەکەی دادگای پاریس ڕاگیراوە.

پێنجشەممەی ڕابردوو، "باسم محەممەد عەبادی" بریکاری وەزیری نەوتی عێراق بۆ کاروباری دەرهێنان بەڕۆژنامەی سەباحی ڕاگەیاندبوو، ڕێککەوتن لەگەڵ لایەنی تورکیا کراوە ڕۆژی ۱۹ـی ئەم مانگە لەبەغدا کۆببنەوە بۆ تاووتوێکردنی هەناردەکردنەوەی نەوتی کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جەیهانی تورکی.

News Code 221682

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha