ئێران و سعوودیە هەوڵەکانیان بۆ بڵاو کردنەوەی ئاشتی لە ناوچەکە دەخەنە گەڕ

بەشی ئێران- فەیسەڵ بن فەرحان وەزیری دەرەوەی سعوودیە دوای 9 ساڵ گەیشتە تاران و لەلایەن هاوتا ئێرانییەکەیەوە پێشوازیی لێکرا.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئەوە یەکەمین سەردانی وەزیری دەرەوەی سعوئدیەیە دوای پچڕانی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێران لە ساڵی 2014، تاران و ڕیاز لە مانگی ئازاری ساڵی ڕابردوودا بە نێوەندگیری چین لە شاری پەکین سەبارەت بە گەڕاندنەوەی پەیوەندییەکان و کردنەوەی باڵیۆزخانەکە لە ماوەی دوو مانگدا گەیشتنە ڕێککەوتن، ئەمەش دوای چەند خولێکی دانوستان لە عێراق و عومان.

فەیسەڵ بن فەرحان لەچوارچێوەی سەردانەکەیدا بۆ تارانی پایتەختی ئێران لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشدا لەگەڵ حسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان ڕایگەیاند: دانوستانی ئەرێنی لەگەڵ هاوتا ئێرانییەکەی ئەنجام داوە و پێکەوە هەردوو وڵات رێکەوتوون، هەوڵەکانیان بۆ بڵاو کردنەوەی ئاشتی لەناوچەکە بخەنەگەڕ.

شازادە فەیسەڵ بن فەرحان ڕاشیگەیاند، لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران باسیان لە جێبەجێ کردنی ئەو ڕێککەوتنە کردووە کە لە پەکین واژۆ کراوە سەبارەت بە گەڕاندنەوەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی نێوان سعوودیە و ئێران.

ناوبراو وتیشی: "بانگهێشتنامەیەک لە سەلمان بن عەبدولعەزیز پاشای سعوودیەوە دەگەیەنێتە ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئێران بۆ سەردانی شانشینی سعوودیە".

وەزیری دەرەوەی سعوودیە ئەوەشی خستەڕوو، "ئێمە بە پەیوەندی برایەتی و دراوسێیەتی باش لەگەڵ ئێران یەکگرتووین، بۆ لایەنی ئێرانی جەختم لەسەر پێویستیی دوورکەوتنەوە لە چەکی کۆمەڵکوژ و پێویستی هاوکاری هاوبەش لە بەرژەوەندی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە و ڕێزگرتنی یەکتر و دەستوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆ کردەوە ."

هەر لە کۆنگرە رۆژنامەوانیەکەدا، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، لەگەڵ شازادە فەیسەڵ بن فەرحان ڕێککەوتوون بۆ بەرزکردنەوەی هاوکارییەکان لە چەند بوارێکدا.

ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وتیشی: "هەردوو وڵات هەوڵ دەدەن ئاشتی و ئاسایش لە ناوچەکەدا بڵاو بکەنەوە و پشتیوانی لە پەیوەندیە ئابووریەکانی یەکتریش دەکەن".

ئێران و سعوودیە هەوڵەکانیان بۆ بڵاو کردنەوەی ئاشتی لە ناوچەکە دەخەنە گەڕ

News Code 221677

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha