بەپێی هەواڵی کوردپرێس، دادگای باڵای مافەكانی مرۆڤی ئەورووپا، دوابڕیاری خۆی لەبارەی دۆسیەی سەلاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوكسەكداغ هاوسەرۆكانی پێشووی پارتی دیموكراتی گەلان هەدەپە ڕاگەیاند و دەڵێت: هەردووكیان پێشێلكارییان بەرامبەر ئەنجام دراوە.
ئەو دادگا ئەوروپییە ڕاشیگەیاندووە، توركیا پێشێلكاریی لە مادەكانی چوار و پێنجی پەیماننامەی مافەكانی مرۆڤ لە ئەورووپا كردووە.
دوای بڕیارەكەی دادگای ئەورووپاش، هەدەپە لە هەژماری فەرمی تویتەری خۆی ڕاگەیەندراوێكی بڵاو كردووەتەوە و داوا لە دەسەڵاتدارانی توركیا دەكات، سەلاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوكسەكداغ ئازاد بكرێن.
لە ڕاگەیەندراوەكەی هەدەپەدا باس لەوە كراوە، دووبارە دادگا بڕیاری پێشێل كردنی مافەكانی هاوسەرۆكانی پێشووی هەدەپەی داوە و تا بڕیارەكانی دادگا جێبەجێ نەكرێن، تاوانەكان بەرامبەر بە دەمیرتاش و یوكسەكداغ بەردەوامیان دەبێت.
هەدەپە لەو ڕاگەیەندراوەدا ئاماژەیان بەوەش كردووە: "هەرچی زووە دەبێت دەمیرتاش و یوكسەكداغ و ئەندامانی دیكەی زیندانیكراو ئازاد بكرێن".
لەلایەن خۆیەوە مەرال دانش بێشتاش پەرلەمانتاری ئەرزرۆم لە توویتێكدا هەڵسەنگاندنی بۆ بڕیارەكەی دادگای ئەورووپا كردووە و ڕایگەیاند: بڕیارەكانی دادگای ئەورووپا بە هەند وەرناگیرێن، بەڵام پێویستە هاوسەرۆكانی پێشووی هەدەپە ئازاد بكرێن.
بێشتاش باسی لەوەش كردووە، زیندانی كردنی دەمیرتاش و یوكسەكداغ، واتە بەلاوەنانی ئیرادەی ملیۆنان هاووڵاتیی توركیا.
Your Comment