قۆڵبادانی حیزبی داهاتووی هەرێمی کوردستانی خستووەتە مەترسییەوە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- جێگری سەرۆک وەزیرانی هه‌رێم، رایگه‌یاند: قۆڵبادانی حیزبی و شەخسی ناوماڵی کورد زیاتر پەرت دەکات و داهاتووی هەرێمی کوردستانی خستووەتە مەترسییەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هه‌رێم لە هەولێر پێشوازیی کرد لە جێسیکا سڤاردسترۆم باڵیۆزی سوید لە عێراق و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا بارودۆخی ناوخۆی هەرێم و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا تاوتوێ کران.

لە کۆبوونەوەکەدا سەبارەت بە کێشە و ناکۆکییە ناوخۆییەکانی هەرێمی کوردستان هەردوولا هاوڕابوون کە دەبێت لایەنە سیاسییەکان ئەزموون لە ناکۆکییەکانی رابردوو وەربگرن و پەلە بکەن لە چارەسەرکردنی کێشەکان.

قوباد تاڵەبانی رایگەیاند لە کاتێکدا کە هەرێمی کوردستان لە دۆخێکی سیاسی و ئابووری باشدا نییە، پێویستە لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندی هاوڵاتییان هەموو لایەکیان بەرپرسیارانە هەنگاوبنێن بۆ چارەسەرکردنی کێشە و ناکۆکییەکان.

ناوبراو وتیشی "زۆربەی کێشەکان کێشەی حیزبی و شەخسین. ئەم جۆرە لە ململانێ و قۆڵبادانی حیزبی و شەخسی ناوماڵی کورد زیاتر پەرت دەکات و داهاتووی هەرێمی کوردستانی خستووەتە مەترسییەوە.

سەبارەت بە پرسی هەڵبژاردنەکانی داهاتووی پەرلەمانی کوردستانیش، قوباد تاڵەبانی رایگەیاند: ئه‌وان هەمیشە لەگەڵ ئەوەدابوون هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بەرێوەبچێت، تەنها پێداگربووین لەسەر ئەوەی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد و ئازاد و دادپەروەرانە بێت.

داواشی کرد لایەنە سیاسییەکان گفتوگۆکانیان دەست پێ بکەنەوە بۆ ئەوەی کارئاسانی بکرێت تا لە ماوەیەکی نزیکدا و بە باشترین شێوە هەڵبژاردنەکان بەڕێوەبچێت.

سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغداش جێگری سەرۆک وەزیران رایگەیاند، ئەگەر کێشە ناوخۆییەکانی کوردستان چارەسەر بکرێت کاریگەری دەبێت لەسەر بەهێزتر بوونی پێگەی هەرێم لە بەغدا.

News Code 221601

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha