لە کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی پارتیدا بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق تاوتوێ کرا

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان بە ئامادەبوونی مەسعوود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان و نێچیرڤان بارزانی و مەسروور بارزانی جێگرەکانی، بۆ تاوتوێ کردنی بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق سەبارەت بە دۆسیەی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، درەو میدیا لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردەوە کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ تاوتوێ کردنی بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق سەبارەت بە دۆسیەی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لە چەند سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە لەناو پارتی دەست درەو کەوتوون، لە کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی پارتیدا، مەسعوود بارزانی سوور بووە لەسەر ئەوەی دەبێت کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی کوردستان هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمان بەڕێوە ببات، ئەمە پێچەوانەی بڕیاری دادگای فیدراڵییە کە دانیشتنی رۆژی 22ی مانگی رابردووی پەرلەمانی بۆ کاراکردنەوەی کۆمسیۆنەکەی کوردستان هەڵوەشاندوەتەوە.

لە کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی پارتیدا، مەسعوود بارزانی لەگەڵ ئەوەدا بووە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی کوردستان ڕەت بکرێتەوە.

بەڵام مەسروور بارزانی داوای کردووە، پەلە نەکەن لە وەڵامدانەوەی توندی دادگای فیدراڵی تا ئەوکاتەی بودجەی 2023ی عێراق پەسەند دەکرێت ‌و پشکی هەرێم تێدەپەڕێت.

 لەم نێوەندەدا نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ ئەوەدا بووە مامەڵە لەگەڵ بڕیارەکەی دادگادا بکرێت، بۆ ئەمەش نێچیرڤان بارزانی بەڵگەی ئەوەی هێناوەتەوە کە هەڵبژاردنەکانی پێشتری هەرێمی کوردستان هەر لەلایەن کۆمسیۆنەکەی عێراقەوە بەڕێوەبراوە‌ و پارتیش براوە بووە.

ئەگەر پارتی بۆچوونەکەی نێچیرڤان بارزانی پەسەند بکات ‌و مامەڵە لەگەڵ بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی بکات، دەبێت نێچیرڤان بارزانی وەکوو سەرۆکی هەرێم بە فەرمی نووسراوێک ئاڕاستەی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بکات ‌و تێیدا داوایان لێ بکات لە وادەی دیاری کراودا هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوە ببەن.

بەڵام لەبەرامبەردا، مەسع.ود بارزانی وەکوو سەرۆکی پارتی وای دەبینێت ئەگەر پابەندی بڕیاری دادگای فیدراڵی ببن، بۆ هەموو کەیسێکی تر دادگاکە بڕیاری خۆی بەسەر هەرێمدا دەسەپێنێت‌و ئەمە دەبێت بە بنەما، بەتایبەتیش کە پێشتر لە بەیاننامەیەکدا خۆی دادگاکەی بە (محکمە الپورە)ی پێشووی بەعس ناوبردووە.

یەکێک لە بڕیارەکانی کۆبونەوەی دوێنێی مەکتەبی سیاسی پارتی ئەوە بوو، جارێ بەرپرسانی پارتی خۆیان لە هەر لێدوانێک سەبارەت بە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی بپارێزن تا ئەوکاتەی پارتی بەتەواوەتی هەڵوێستی خۆی لەوبارەیەوە یەکلادەکاتەوە.

پارتی پابەند دەبێت؟

پێشبینی دەکرێت، دوای تێپەڕینی بودجەی 2023 لە پەرلەمانی عێراق، هەڵوێستی خۆی سەبارەت بە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان یەکلا بکاتەوە.

دوای کۆبوونەوەکەی مەکتەبی سیاسیی، ئەمڕۆ فوئاد حسێن ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی لە بەغداد سەردانی دادوەر جاسم محەمەد عەبود سەرۆکی دادگای فیدراڵی کرد، بەپێی زانیارییەکانی (درەو) لەبارەی چۆنیەتی ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە کوردستان پرس‌و راوێژی لەگەڵ سەرۆکی دادگا کردووە.

لەلایەکی ترەوە، پابەندبوون بە بڕیاری دادگای فیدراڵی  وا دەکات لە داهاتوودا هەرێمی کوردستان جارێکی تر نەتوانێت لە هیچ بارودۆخێکدا تەمەنی پەرلەمان درێژبکاتەوە، ئەمە لەکاتێکدایە لە 31 ساڵی رابردوودا بەهۆی بارودۆخی شەڕی ناوخۆیی‌و ناکۆکییە سیاسییەکانەوە 8 جار تەمەنی پەرلەمانی کوردستان درێژکراوەتەوە.

بەهۆی ئەوەی ئێستا سیستمی حوکمڕانی هەرێمی کوردستان پەرلەمانییە، هەر  جۆرە درێژکردنەوەیەکی تەمەنی پەرلەمان بەواتای درێژکردنەوەی تەمەنی سەرۆکی هەرێم‌و کابینەی حکوومەتیش دێت، چونکە سەرۆکی هەرێم ‌و کابینەی حکوومەت لەناو پەرلەمانەوە متمانەیان پێدەدرێت.

News Code 221570

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha