میسر و تورکیا دەستبەجێ پەیوەندییەکانیان ئاسایی دەکەنەوە

بەشی تورکیا- عەبدولفەتاح سیسی سەرۆک کۆماری میسر و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان هاوتا تورکیەکەی لە میانی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بڕیاریان داوە دەستبەجێ دەستبکەن بە ئاسایی‌کردنەوەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی نێوان هەردوو وڵات.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سەرۆکایەتی میسر لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی‌کردەوە، عەبدولفەتاح سیسی پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ئەنجام داوە و پیرۆزبایی سەرکەوتنی لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا و دووبارە هەڵبژاردنەوەی وەک سەرۆک کۆماری تورکیا بۆ خولێکی نوێی سەرۆکایەتی لێکردووە، لای خۆیەوە ئەردۆغان پێزانینی خۆی بۆ پەیامەکەی سەرۆک کۆماری میسڕ دەربڕیوە.

لەمبارەوە ئەحمەد فەهمی، وتەبێژی فەرمیی سەرۆکایەتی میسر ڕایگەیاندووە، هەردوو سەرۆکی میسڕ و تورکیا قووڵایی ئەو پەیوەندییە مێژوییانەیان دووپات کردەوە کە هەردوو وڵات و گەلی میسر و تورکیا دەبەستێتەوە، هاوکات ڕێککەوتن لەسەر پتەو کردنی پەیوەندییەکانی پەیوەندی و هاریکاری نێوان هەردوولا.

بەوتەی ئەحمەد فەهمی، سیسی و ئەردۆغان بڕیاریان دا دەستبەجێ دەست‌بکەن بە ئاسایی‌کردنەوە و بەهێزکردنی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی نێوان هەردوو وڵات و ئاڵوگۆڕی باڵیۆز لەنێوانیاندا.

مەولوود چاوشئۆغڵو وەزیری دەرەوەی تورکیا لە رۆژی 18ی (ئازار/3)ی ئەمساڵ لەسەر بانگهێشتی هاوتا میسرییەکەی سەردانی قاهیرەی پایتەختی میسڕی كرد، ئەمەش بووە یەكەم سەردانی بەرپرسانی باڵای توركیا بۆ قاهیرە لە دوای 11 ساڵ لە تێكچوونی پەیوەندیەكانی نێوان هەردوو وڵات.

لە چەند ساڵی رابردوودا ناکۆکییەکانی نێوان میسر و تورکیا بە تەواویی پەرەیان سەند، بەتایبەت دوای پشتگیری‌کردنی تورکیا لە شۆڕشی میسر و دواتریش پشتیوانی‌کردنی حکوومەتی میسر بە سەرۆکایەتی ئیخوان موسلمین، تورکیا لەو وڵاتانە بوو بە توندی کوودەتاکەی سوپای میسری لە دژی محەمەد مورسی رەت‌کردەوە و بەم هۆیەشەوە پەیوەندییەکانی لەگەڵ میسر هەڵپەسارد.

News Code 221548

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha