هەرێمی کوردستان گیرۆدەی قەیرانی ناوخۆیی و ململانێ لەگەڵ بەغدا و ئەنقەرە

بەشی جیهان- جوئیل وینگ لەبارەی دۆخی هەرێمی کوردستان بە ئاژانسی کوردپرێسی ڕاگەیاند: هەرێمی کوردستان تووشی قەیرانێکی سەختی ناوخۆییە و بۆ دەستپێکردنەوەی فرۆشتنی نەوتیش کێشەی زۆری لەگەڵ تورکیا و حکوومەتی ناوەندیی عێراق هەیە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، هەرێمی کوردستان جارنەجارێک ڕووبەڕووی قەیرانی جیددی دەبێتەوە. ئەم ناوچەیە ماوەی ساڵێکە تووشی دوو قەیرانی گەورە بووە: یەکەمیان ناکۆکیی ناوخۆییە و دووهەمیشیان تەنگەژەی جیددیە لە فرۆشتنی نەوت کە لەلایەن تورکیا و حکوومەتی ناوەندیی عێراقەوە خراوەتە بەردەم ئەم هەرێمە. فرۆشتنی نەوتی خاوی کوردستان کە شادەماری ژیانی ئابووری ئەم هەرێمە دێتە ئەژمار، لە دوو مانگ لەمەوبەرەوە ڕاگیراوە، ئەوەش دوای سەرکەوتنی حکوومەتی ناوەندیی عێراق لە سکاڵایەکی دژی تورکیا لەسەر هەناردەکردنی سەربەخۆیانەی نەوتی هەرێمی کوردستان. لەلایەکی دیکەوە ڕووبەڕووبوونەوەکانی نێوان هەردوو حزبی دەسەڵاتدار واتە پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان گەیشتۆتە لووتکە.

هەروەها لەسەر ئاستی جیهانیش ڕەخنەی زۆر هەیە لەسەر چۆنییەتی دەسەڵاتدارێتیی یەکێتی و پارتی و هۆشداریش دراوە لەبارەی ئەگەری هەڵوەشانەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستان و لەدەست چوونی ئەو ئەزموونە. ئاژانسی هەواڵی کوردپرێس بۆ تاوتوێ کردنی ئەم چەند تەنگەژەیە گفتوگۆیەکی لەگەڵ جوئیل وینگ شرۆڤەکاری پرسەکانی عێراق ئەنجام داوە کە لە درێژەدا دەیخوێننەوە:

 

هەرێمی کوردستان نەیتوانیوە بوودجەی پێویست لە بەغدا وەربگرێت و هەناردەی نەوتیشی بۆ تورکیا دەست پێ‌نەکردۆتەوە

جوئیل وینگ تەنگەژەکانی بەردەم هەرێمی کوردستان بۆ بەردەوامیدان بە هەناردەکردنی نەوت ئاشکرا دەکات و دەڵێت لەبارەی هۆکاری سەرەکی ئەم کێشەیە بە ئاژانسی کوردپرێسی وت: "هێشتا بۆرییە نەوتییەکە لە ناوخۆی تورکیا داخراوە، و سەرەڕای ئەوەی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ تورکیا ڕاگەیێندراوە، تا ئێستا هیچ وادەیەکی ورد بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم دیاریی نەکراوە. ئەم پرسە کێشەی ئابووری گەورەی بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان دروست کردووە، کە بۆ دابین کردنی بودجەی حکوومەتەکەی پشت بە هەناردەکردنی نەوت دەبەستێت. بەڵام حکوومەتی عێراق مانگانە بوودجەیەک بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەنێرێت کە تا ڕادەیەک یارمەتی چارەسەرکردنی کێشەکان دەدات. بەڵام کێشەکە لەوەدایە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەسەڵاتی کردەیی نییە بۆ کردنەوەی بۆرییەکە، بەڵکوو هەرچی هەیە پەیوەندیی بە دانوستانەکانی ئەنقەرە و بەغداوە هەیە.

 

ناکۆکیی نێوان پارتی و یەکێتی و کاریگەری لەسەر پێگەی کورد لە بەغدا

شارەزای پرسەکانی عێراق هۆکاری سەرەکیی ناکۆکیی نێوان هەردوو حزبی دەسەڵاتداری هەرێمی کوردستانی بە لاوازبوونی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەزانێت ئەوەش لەدوای کۆچی دوایی جەلال تاڵەبانی سەرۆکی کۆچکردووی ئەم حزبە و دەشڵێت: "یەکێتی و پارتی هێشتا یەکگرتوون بەرامبەر بەغدا، بەڵام یەکێتی نیشتمانی هەڕەشەی ئەوەی کردووە کە ئەگەر ناکۆکییەکانی لەگەڵ پارتی دیموکرات چارەسەر نەکرێت، ئەوا ڕێبازەکەی لەم حزبە جیا دەکاتەوە. پێدەچێت ئەم ناکۆکییانە بەم زووانە چارەسەر نەکرێن. یەکێتیی نیشتمانی لەدوای کۆچی دوایی جەلال تاڵەبانییەوە تووشی کێشەی زۆر بووەتەوە. ئەم حیزبە وەک جاران پشتیوانی ناکرێ. ئەم مەسەلەیە کاتێک خۆی نیشان دا کە بزووتنەوەی گۆڕان لەم حیزبە جیا بووەوە و هەزاران دەنگدەری لێ جیاکردەوە. پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق لەوکاتەوە هەستی بەوە کردووە کە لە هەرێمی کوردستاندا حزبی باڵادەستە. هەر بەو هۆیەشەوە هەوڵی داوە تا بتوانێت یەکێتی پەراوێز بخات کە هۆکاری ناکۆکییەکانی ئێستای نێوان هەردوولایە. ناوبراو جەخت دەکاتەوە: "تا یەکێتیی نیشتمانی نەگەڕێتەوە بۆ ئاست و پێگەی پێشووی خۆی، پارتی دیموکراتی کوردستان ئامادە نابێت ئیمتیاز بەم حزبە بدات".

 

هۆشدارییەکان لەبارەی ئەگەری داڕمانی قەوارەی هەرێمی کوردستان

جوئیل وینگ سەبارەت بە دابەزینی پێگەی هەرێمی کوردستان بەهۆی تەعامولی هەڵە و ناکۆکی ناوخۆییەوە وتی: "نە هەرێمی کوردستان و نە عێراق دیموکراسی ڕاستەقینەیان تێدا نییە". بەو پێیەی کە چەند کەسێکی دیاری کراو حکوومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ خزمەتی بەرژەوەندییەکانیان بەکاردەهێنن، دەکرێ بڵێین ئۆلیگارشی بەسەر هەردووکیاندا حوکم دەکات. پارتە دەسەڵاتدارەکان تەنانەت باوەڕیان بە بنەماکانی دیموکراسی وەکووە ئازادی ڕادەربڕین و ڕاگەیاندن و مافی کەمینەکان نییە و ئەمەش لە دەستگیر کردنی بەربڵاو و سەرکوت کردنی چالاکانی میدیایی و بەکارهێنانی هەموو ئامرازێک بۆ کپ کردنی دەنگی ڕەخنەگران دەبینرێت. هەر بەم پێیە کە نوخبەی سیاسی لە عێراق و هەرێم بۆ بەدەستەوە گرتنی دەسەڵات پشت بە باج لە خەڵک نابەستێت، هیچ هۆکارێک نییە بۆ گۆڕینی ئەوان. لە ڕاستیدا سامانی نەوتی عێراق وایکردووە ئەم گرووپە باوەڕیان بەوە هەبێت کە خەڵک تەنها بۆ خزمەتکردنی ئەوان بوونیان هەیە. لە ڕوانگەی لایەنە دەرەکییەکانیشەوە زۆربەی ڕەخنەکان لەم دەسەڵاتدارانە تەنها پەیوەندیی بە زیندانی کردنی ڕۆژنامەنووسان و ڕەخنەگرانی حکوومەتەوە هەیە. ئەگەر بەشێوەیەکی گشتیتر لە ڕوانگەی حکوومەتەکانی ڕۆژئاواییەوە سەیری هەرێمی کوردستان بکەین، هێشتا پشتیوانی دەرەکی بۆ هەرێمی کوردستان وەک خۆی ماوە و هیچ گۆڕانکارییەکی بەخۆوە نەبینیوە.

News Code 221546

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha