بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئەحمەد یەنەر سەرۆکی دامەزراوەی باڵای هەڵبژاردنەکان لە تورکیا دوای دەنگدانی گەڕی دووەم لە ناوچەی چوکورامباری شاری ئەنقەرە وەڵامی پرسیارەکانی رۆژنامەنووسانی دایەوە و رایگەیاند کە هاووڵاتییان هاوشێوەی گەڕی یەکەم، لەگەڕی دووەمیشدا چ لە دەرەوەی وڵات و چ لە ناوخۆ بە گرنگییەکی زۆرەوە بەشدارییان هەڵبژاردنەکاندا کردووە.
ئەحمەد یەنەر گوتیشی: "هیوادارم ئەنجامەکان ببنە خێر و خۆشی بۆ گەل و دیموکراسیی تورکیا و پارتە سیاسییەکان و کاندیدەکانمان. هەڵبژاردنەکانمان تا ئێستا بەبێ هیچ کێشە و گرفتێک بەڕێوە دەچێت. دووبارە هیوای بەختێکی باش بۆ خەڵکی تورکیا دەخوازم".
سەرۆکی دامەزراوەی باڵای هەڵبژاردنەکان لە تورکیا سەبارەت بە کاتی راگەیاندنی ئەنجامەکان گوتی: "وەک دەزانرێت هەڵبژاردنەکانی ١٤ی ئایار بە بەشداریی کاندیدانی سەرکۆمار و ٢٤ پارتی سیاسیی بەڕێوەچوو. بەو پێیەی لەم هەڵبژاردنەدا تەنها کاندیدەکانی سەرکۆمار کێبڕکێ دەکەن، پێمان وایە زووتر ئەنجامەکان رادەگەیەندرێت".
Your Comment