گۆڕینی بڕگەکانی ۱۳ و ۱۴ی پڕۆژیاسای بوودجە لە بەرژەوەندیی کوردە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، سوپاسی هەوڵی فراکسیۆنی یەکێتی لە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق کرد و ڕایگەیاند: گۆڕانکاری لە بڕگەکانی ۱۳ و ۱۴ی پڕۆژەیاسای بوودجەی عێراق بەرژەوەندیی کوردی تێدایە و دەبێت نەیارانی ئەم ئیدیعا لێکی بدەنەوە کە بۆچی ئەم گۆڕانکارییە زیانی کوردی لێدەکەوێتەوە؟

کوردپرێس

دوای ئەوەی گۆڕانکاری لە ماددەی ۱۳ و ۱۴ی پڕۆژەیاسای بوودجەی عێراق لەلایەن کۆمسیۆنی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەو وڵاتە تێپەڕێنرا، لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان کاردانەوەی زۆر و جیاوازیان لەسەر گۆڕانکارییەکە نیشان دا. یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە دەنگیان بە گۆڕانکارییەکان دا، پێی وایە ئەم گۆڕانکاریانە لە بەرژەوەندیی کوردەکاندایە.

ئاژانسی کوردپرێس داوای لە ئەندامێکی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کرد ڕوونی بکاتەوە کە هەرێمی کوردستان چ سوودێک لەو گۆڕانکاریانەی کە لە پرۆژەیاسای بوودجەدا کراوە دەبینێت. نیازی هەورامانی ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی هەولێری یەکێتی؛ لەم بارەوە بە کوردپرێسی ڕایگەیاند: "یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەبێ دوو دڵی هەر چییەک لە بەرژەوەندیی خەڵک بێت تەنانەت ئەگەر لە بەرژەوەندیی حزبەکەشی نەبێت دەنگی پێدەدات. ئەوەی لە پەرلەمانی عێراق کراوە لە بەرژەوەندیی گەلی کوردە و لە بەرژەوەندیی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانە. من پێم سەیەر کە کەسانێک دژی ئەو پەسەند کردنە بێت، لە کاتێکدا کە خاڵێکی گرینگی پەسەند کردنەکە دەڵێت لەسەدای ۱۰ی  ئەو مووچەی کە پار و پێرار بڕا، بۆ مووچەخۆران بگەڕێتەوە. من نازانم ئەوە چ زەرەرێکی تێدایە؟ پارتی دژایەتی ئەم پەسەندکراوە بوو و هەموو ئەو ڕووداوانەی بەدڵی خۆی نەبێت دژی دەوەستێتەوە.

 

نیازی هەورامانی پشتگیری کردنی ئەو گۆڕانکاریانەی کە لە پرۆژەیاسای بوودجەی عێراقدا پەسەند کراون، بە دەستکەوتێک بۆ فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان  دەزانێت کە بەهەموو شێوەیەک لەگەڵ بەرژەوەندی کوردن و لە وەڵامی پرسیارەکەی کوردپرێسدا کە ئەم گۆڕانکارییە چ سوودێکی بۆ کورد هەیە؟ وتی: من هەر ئەم پرسیارە پێچەوانە ئەکەمەوە ئەم پەسەند کردنە چی تێدایە کە بە زەرەری کورد بێت؟

 

دوای ئەوە گرژییە کەم وێنەیە لە ٢٢ی ئایاری ٢٠٢٣ لە پەرلەمانی کوردستان لەسەر کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان لە نێوان پارتی دیموکرات و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕوویدا، بەرپرسان و کەسایەتییە سیاسییەکانی هەردوو حزب هەڵوێستی توندیان گرتەبەر. سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان کە بە بەکارهێنانی دەسەڵاتەکانی خۆی و بە پشتبەستن بە مادەی ۱۸ی یاسا ناوخۆییەکانی پەرلەمان، دانیشتنەکەی ئەو ڕۆژەی بۆ ڕۆژێکی تر دواخستبوو، بە هەموو ناوەندە پێوەندیدارەکانی ڕاگەیاند کە هەر نامەیەک کە لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە ئاراستەی ئەوان بکرێت دەبێت واژۆی ئەوەی لەسەر بێت، جگە لەوەش ئیعتیباری یاسایی نابێت. لەهەمان کاتدا، هێمن هەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمان بانگەشەی ئەوە دەکات کە لە غیابی سەرۆکی پەرلەماندا دەسەڵاتە یاساییەکانی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی بەکارهێناوە و توانیویەتی لە کۆبوونەوەیەکی یاساییدا دەنگ لەسەر یاسای کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان کۆ بکاتەوە و ئەو یاسایەش بە دەنگی ٥٨ ئەندامی پەرلەمان پەسەندکراوە.

 

ڕۆژی شەممە ۲۷ی ئایاری ۲۰۲۳، ڕێواز فایق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، سیمینارێکی لەسەر پرسی گرژی لە پەرلەمانی کوردستان ساز کرد و دوایین هەڵوێستەکانی خۆی و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی لەو بارەوە دەربڕی. نیازی هەورامانی جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی هەولێری یەکێتی کە بەشداری لەو سیمینارەدا کردبوو لەو بارەوە بە کوردپرێسی وت: یەکێتیی نیشتمانی کوردستان نایەوێت کە لێکترازان لە ناو هێزە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان دروست ببێت، ئەو بڕیارەی کە سەرۆکی پەرلەمان داویەتی بۆ هەڵگرتنی دانیشتنەکە بڕیارێکی قانوونی بووە و هیچ موخالفەیەکی پەیڕەوی ناخۆی پەرلەمان نییە و دەسەڵاتی خۆی بەکار هێناوە. لە دوای هەڵگرتنی دانیشتنەکەی پەرلەمان جێگری سەرۆکی پەرلەمان دانیشتنێک ئەتوانێت بەڕێوەبەرێت کە ئەو دانیشتنە بە کراوەی بهێڵرێتەوە؛ ئەم دانیشتنە هەڵگیراوە و سەرۆکی پەرلەمان بە کراوەی نەهیهێڵاوەتەوە، لەبەر ئەمەش نە دەنگ دراوە و نە دەنگدان کراوە.

 

نیازی هەورامانی جەختی لە نایاسایی بوونی پەسەند کراوەکەی ڕۆژی ۲۲ی ۵ی ۲۰۲۳ لە پەرلەمانی کوردستان کرد و زیاتر وتی: من لە سیمینارەکەدا کە دوو ئەندامی پەرلەمانیشی لێبوو و لە چەند پەرلەمانتارێکی دیکەش پرسیارم کرد ئەو زانیارییەم دەسکەوت کە لەو ڕۆژەدا ڕیکۆردێکی پێشوەختە ئامادەکرابوو بۆ ئەوەی لێبدرێت و بڵێن ئەوە دەنگدانە ئەنا لە ڕاستیدا دەنگدان نەکراوە. کۆمیسیۆن پرسێکی نیشتمانییە و پێویستی بە ڕەزامەندیی لایەنە سیاسییەکانی دیکەیە و بە دەستخۆشییەوە یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان و کۆمەڵی دادگەری و بزووتنەوەی گۆڕان هەموویان لەگەڵ ئەمەن کە ئەو پرسە پرسێکی نیشتمانییە و ناکرێت کۆمیسیۆن کارا بکرێتەوە لە کاتێکدا کە ئێمە ڕێکنەکەوتووین لەسەر پێکهاتەکەی.

 

سەرەڕای ئەوەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پێداگر بوو و جەختی لەسەر نایاسایی بوونی بڕیاری کاراکردنی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان کرد، «هەندرێن محەمەد» سەرۆکی کۆمیسیۆن ڕایگەیاند کە لەم هەفتەیەدا دەست دەکەن بە ئامادەکارییەکان و زەمینەی پێویست بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن ڕێکدەخەن. نیازی هەورامانی سەبارەت بە هەڵوێستی یەکێتی لەم بارەوە بە کوردپرێسی وت: کاتێک کە نوێنەری یەکگرتووی ئیسلامی بڕیاردەری کۆمیسیۆنەکەیە و بەشداری تێدا ناکات و هەروەها نوێنەرەکەی بزووتنەوەی گۆڕان بەشداری تێدا ناکات و ئەو دووکەسەکەی دیکە کە سوێند دەخەن و لە ئەساسدا لە پەرلەمان دەنگیان پێنەدراوە و جەمعییەتی یاساییان نییە، کە واتا کاک هەندرێن و یەک کەسی دیکە بەشداری تێدا دەکەن، نە هەڵبژاردن بەم کۆمیسیۆنە ئەکرێت و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ناچێتە ژێر باڵی هەڵبژاردنێک کە ڕێککەوتن لە سەر کۆمیسیۆن و یاساکەی نەکرابێت.

News Code 221528

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha