مەسروور بارزانی پشتگیریی خۆی بۆ کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان ڕاگەیاند

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەبارەی کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان بۆ کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان دەستخۆشی لە پەرلەمانتاران دەکات.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مەسروور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "دەستخۆشی لە پەرلەمان دەکەم بۆ ئەو بڕیارە گرنگە، چوونکە بەڕاستی شەرعییەتی هەرێمی کوردستان لەلای دۆستەکانمان لە نێوخۆ و دەرەوەدا کەوتبوویە ژێر پرسیارەوە، کە ئایا خەڵکی کوردستان باوەڕیان بە دیموکراسییەت و پرۆسەی هەڵبژاردن هەیە یان نا. نابێت هیچ شتێک رێگربێت لەوەی هەڵبژاردن بکرێت."

هەر لەبارەی بڕیارەکەی پەرلەمان، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، "ئەم بڕیارە کە دراوە، پشتڕاستکردنەوەیەک بوو بۆ خەڵکی کوردستان کە ئەوان بڕوایان بە پرۆسەی دیموکراسی و هەڵبژاردن هەیە و هیوادارم لە کاتی خۆیدا لە کۆتایی ئەمساڵدا ئەم هەڵبژاردنانە ئەنجامبدرێن."

کۆبوونەوەی دوێنێی پەرلەمانی کوردستان بەهۆی گرژیی نێوان فراکسیۆنەکانی پارتی و یەکێتییەوە لەسەر خستنە بەرنامەی کاری بڕگەیەکی تایبەت بە کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن، کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە؛ فراکسیۆنی پارتی رایگەیاند، بە دەنگی ۵۸ پەرلەمانتار کۆمیسیۆن کاراکراوەتەوە و فراکسیۆنی یەکێتی ئەوەی رەتکردەوە و رایگەیاند، سەرۆکی پەرلەمان دانیشتنەکەی دواخستووە دواتر ئەو دەنگدانە کراوە.

پێشتر، پارتی و یەکێتی و زۆرینەی لایەنە سیاسییەکان لەسەر کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن رێککەوتبوون، کە بە هەمان پێکهاتەی ئێستایەوە کارابکرێتەوە، بەو مەرجەی هەر لایەنێک ئازاد بێ لە گۆڕینی نوێنەرەکەی تێیدا.

خاڵی سەرەکی ناکۆکیی نێوان پارتی و یەکێتی لەسەر هەڵبژاردن، چۆنییەتی دەنگدانی پێکهاتەکان و ۱۱ کورسییەکەیانە، کە یەکێتی دەیەوێ لە زیاتر لە بازنەیەک نوێنەی پێکهاتەکان هەبێ، پارتی و بەشێکی زۆری پێکهاتەکانیش ئەوە رەتدەکەنەوە و یەک بازنەییان پێباشە.

News Code 221495

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha