بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئایدن مەعرووف، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی ڕایگەیاند: بۆ بابەتی بەشداری کردنی پێکهاتەکان لە پرۆسەی هەڵبژاردندا، ''هەر رێککەوتنێک کە لە دەرەوەی ویستی نوێنەرانی پێکهاتە بکرێت، هەڵەیە و کاریگەریی باشی لەسەر رەوشی پێکهاتەکان نابێت. دەبێت پێکهاتەکان خۆیان لەسەر ئەم بابەتە بڕیار بدەن".
ئایدن مەعرووف پێیوایە، دەبێ پرۆسەی هەڵبژاردن لە ململانێی سیاسی دوور بخرێتەوە، ''چوونکە تایبەتە بە هاووڵاتییان و پێویستە بە رێککەوتن ئەنجام بدرێت''.
ڕۆژی یەکشەممە، جارێکی دیکە مەکتەبی سیاسیی پارتی و یەکێتی بۆ رێککەوتن لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن کۆبوونەوە، بەڵام لەسەر خاڵی سەرەکیی ناکۆکییان کە شێوازی هەڵبژاردنی پێکهاتەکانە، رێکنەکەوتن.
پارتی جەخت لەوە دەکاتەوە، دەبێت پێکهاتەکان خۆیان بڕیار لەسەر شێوازی هەڵبژاردنیان بدەن کە یەک بازنەییان دەوێت یان فرەبازنەیی؛ یەکێتیش دەڵێت، با سێ بۆ چوار کورسیی پێکهاتەکان لە بازنەکانی دیکە بن؛ داوایەک کە پارتی و بەشێکی زۆری پێکهاتەکان بەتایبەت ئەوانەی لە پەرلەمانی کوردستان کورسییان هەیە، ڕەتی دەکەنەوە.
وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەوبارەوە دەڵێت، کورسیی کۆتا هیچ کات گرفت نەبووە و هەموو کاتێکیش جەخت لەوە کراوەتەوە ''ئێمە دەمانەوێت ببینە هۆکارێکی خێر بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکان؛ نامانەوێت ببینە کێشە لەنێوان لایەنە سیاسییەکان بەتایبەتی لەنێوان یەکێتی و پارتی".
ئایدن مەعرووف سەبارەت بە شێوازی بەشداری کردنی پێکهاتەکان لە پرۆسەی هەڵبژاردندا جەخت لەوە دەکاتەوە: ''بە یەک بازنەیی بەشداری هەڵبژاردن دەکەین و لەگەڵ ئەوەدا نین، کورسییەکان بەسەر ناوچەکاندا دابەش بکرێن؛ هەروەها ئەو بابەتانەی پەیوەستن بە پێکهاتەکان، پێویستە لەگەڵ نوێنەری پێکهاتە باس بکرێن".
ناکۆکییەکانی پارتی و یەکێتی لەسەر دەنگدان و شێوازی هەڵبژاردنی پێکهاتەکان لەکاتێکدایە، بە فەرمانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، رۆژی 18ـی مانگی 11ـی ئەمساڵ، وەک رۆژی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن دیاریکراوە و کەمتر لە شەش مانگیش ماوە بۆ کاتی دیاریکراوی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن.
وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، هەردوو لایەنی یەکێتی و پارتی پشتیوانی باشیان هەبووە لە بەرەوپێشبردنی پرۆسەی پێکەوەژیان لە هەرێمی کوردستان و دەشڵێت، ''ئێمە نوێنەرایەتی هەموو تورکمانەکانی هەرێمی کوردستان دەکەین بێ جیاوازی."
زۆرجار هەندێک لە لایەنە سیاسییەکان بەتایبەتی یەکێتی باس لەوە دەکەن، نوێنەرانی پێکهاتە لە پەرلەمان، نوێنەرایەتیی راستەقینەی نەتەوەی خۆیان نین و لە ناوچەیەکەوە دەنگیان پێدەدرێت، کە هیچ پێکهاتەیەکی لێ نییە.
ئایدن مەعرووف ڕەتی دەکاتەوە نوێنەری پێکهاتەکان لە پەرلەمانی کوردستاندا نوێنەرایەتیی راستەقینەی نەتەوەی خۆیان نەبن و دەڵێت، ''ئێمە لەگەڵ ئەوەداین نەک تەنیا بۆ پێکهاتە، بەڵکو بۆ نەتەوەی کوردیش نوێنەرایەتیی راستەقینە هەبێت. پێشتریش داوامان کردووە، دەنگدانی پێکهاتەکان بە شێوازی تایبەت بێت، بەڵام ئێستادا بۆ جێبەجێکردنی ئەم بابەتە، کات پێویستە و رەنگە لە داهاتوودا زیاتر کاری لەسەر بکرێت."
بەگوتەی وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێکهاتەکان داوایان کردووە، ''بە هەمان سیستمی رابردوو لە پڕۆسەی هەڵبژاردندا بەشدار بن، بەبێ ئەوەی دەستوەردان لە کاروباری پێکهاتەکاندا بکرێت.''
Your Comment