بزووتنەوەی گۆڕان یەکگرتنەوە لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانی ڕەت دەکاتەوە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ڕێکخەری پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی بزووتنەوەی گۆڕان دەڵێت، دەستپێشخەرییەکەی یەکێتی بۆ یەکگرتنەوە لەگەڵ گۆڕان رەت دەکەنەوە و گوتی، "ساڵێکە بزووتنەوەی گۆڕان سەرقاڵی خۆڕێکخستنەوەیە و دەمانەوێت لاپەڕەیەکی نوێ هەڵ بدەینەوە و لەگەڵ ئەندامە دوورکەوتووەکانیشمان ئاشت ببینەوە".

بەپێی هەواڵی کوزدپرێس، رۆژی هەینی، ۱۹-۰۵-۲۰۲۳، بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەكێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ساڵیادی کۆچی دوایی رێکخەری پێشووی بزووتنەوەی گۆڕاندا پەیامێکی بڵاو کردەوە و رایگەیاند: "‏ئەم یادە بە دەرفەت دەزانم تاوەكوو ‏بە هەموولایەکی رابگەیەنم یەکێتی بە هەموو شێوەیەک ئامادەیە بۆ هەنگاونان بەرەو رێککەوتنێکی نوێ و یەکگرتنەوە لەگەڵ گۆڕان."

بەڵام هۆشیار عومەر، رێکخەری پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی بزووتنەوەی گۆڕان لە رێگەی تەلەفزیۆنی "ڕووداو"ەوە وەڵامی داواکەی بافڵ تاڵەبانی دایەوە و گوتی: "وەڵامە کورتەکە ئەوەیە، شتی وەها روونادات. وەڵامە درێژەکەش ئەوەیە، ئەم بابەتە نوێ نییە و پێش تەواوبوونی چلەی کۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا ئەم بابەتە باس کرا، بەڵام وەڵامیان ئەوە بوو کە بزووتنەوەی گۆڕان سێ رێککەوتنی لەگەڵ یەكێتی هەیە؛ یەکێکیان تایبەت بە حکوومەتە خۆجێیەکان کە جێبەجێ نەکراوە و ئەوەیشی کە جێبەجێ کراوە، بە کەموکوڕییەوە جێبەجێ کراوە. رێککەوتنێکی دیکەی سیاسی لە نێوان بزووتنەوەی گۆڕان و یەکێتی واژۆ کراوە کە مام جەلال لە ژیاندا بووە، بە واژۆی نەوشیروان مستەفا و کۆسرەت رەسووڵ، کە تەواوی پرسە ستراتیجییەکانی لەخۆ گرتووە؛ ئەوەش جێبەجێ نەکراوە و جڤاتی نیشتمانی هەڵی پەسارد. دواجار ئەزموونی هاوپەیمانی بۆ دوایین هەڵبژاردنی عێراق هەبوو، کە ئەویش سەرکەوتوو نەبوو".

هۆشیار عومەر ئاماژە بەوە دەکات کە: "هەموو رێککەوتنەکان بۆئەوە بوون چاکسازی بکەین لە بوارە جیاجیاکاندا، بەڵام یەکێتی هەنگاوی پێویستی نەناوە بۆ جێبەجێ کردنیان، بۆیە ئێستا زەمینەی ئەوە نییە و بزووتنەوەی گۆڕانیش خۆی بە بەرپرسیار نازانێت لەو رێککەوتنانەی هەبوون و جێبەجێ نەکراون، چوونکە کاری لەپێشینەی بزووتنەوەی گۆڕان بۆ مافی گشتی بووە و زۆرجار لە مافی خۆیشی خۆش بووە کە دەنگدەرانی لەسەر ئەوە ڕەخنەیان هەبووە و سزاشیان داوە".

لەبارەی هەوڵی کۆبوونەوەی گشتیی لایەنە سیاسییەکان و باس کردن لە کێشە هەنووکەییەکانی کوردستان، رێکخەری پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی گۆڕان دەڵێت: "لە هەرێمی کوردستان کێشەی سیستم هەیە؛ کێشەی ئەوەشمان هەیە لە ساڵی ۱۹۹۲ـەوە حیزب دەست دەخاتە نێو هەموو کاروبارێکەوە لە هەموو بوارەکان؛ ڕەنگە باشترین شتێک کە ئێستا حیزبەکان بیکەن ئەوە بێت کە واز لە حکوومەت بێنن و دەستی لێ هەڵگرن، لێ بگەڕێن حکوومەت، دادگە، دەستەی دەستپاکی و داواکاری گشتی کاری خۆیان بکەن".

ئەو بەرپرسەی بزووتنەوەی گۆڕان ئاماژە بەوەش دەکات کە: "ئێمە هەموو گفتوگۆ و رێککەوتنێک بە هەنگاوی گرنگ دەزانین، چوونکە کورد هەموو رێگەکانی دیکەی تاقی کردووەتەوە؛ قەدەری ئێمە وەکوو خەڵکی کوردستان بەیەکەوەیە؛ یەکێک لە دەردە کوشندەکانیشمان ناکۆکی نێوخۆییە کە ئێمەی لاواز کردووە بەرامبەر بەغدا و دراوسێکان و جیهان؛ بۆیە ئارامگریی خەڵک و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش گەیشتووەتە کۆتایی".

ناوبراو گوتیشی: "لە هیچ شوێنێکی جیهان ئەوە نییە حیزبێک هەڵبژاردنی بەدڵ بێت یان بە دڵی نەبێت هەڵبژاردن بەڕێوەبچێت یان نا؛ هەڵبژاردن مافی خەڵکە و دەبێت چوار ساڵ جارێک بکرێت".

زیاتر لە ساڵێکە بزووتنەوەی گۆڕان سەرقاڵی خۆڕێکخستنەوەیە و هەوڵێکیش هەیە بۆ ئاشتکردنەوەی ئەندامە دوورکەوتووەکانی نێو بزووتنەوەکە. هۆشیار عومەر دەڵێت، "بڕیاری هەردوو جڤات هەیە کە ئێمە لاپەڕەیەکی نوێ هەڵبدەینەوە لەگەڵ هاوڕێکانمان. هەندێک لەو هاوڕێیانەی دوورکەوتوونەتەوە، بیانگەڕێنینەوە و بڕیاری یەکلاکەرەوەش دەدەین دەربارەی بەشداری کردنمان لە حکوومەت و هەنگاوی داهاتووی بزووتنەوەی گۆڕان، چوونکە رێککەوتنی پێکهێنانی حکوومەتیش وەک پێویست جێبەجێ نەکراوە".

هۆشیار عومەر دەڵێت: "بۆ بەشداری کردن لە حکوومەت بزووتنەوەی گۆڕان وەک حیزبەکانی دیکە ناکات و بەرپرسیارێتی هەڵدەگرێت؛ لەو شوێنانەی کە هەیە بەپێی ئەو قەبارەیەی بەشداری کردووە".

لەبارەی هەڵبژاردنیش، رێکخەری پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی گۆڕان گوتی: "ئەوەی رێکناکەوێت لەسەر هەڵبژاردن تەنیا یەکێتی و پارتین، بەڵام هەندێک لایەنی سیاسی نایانەوێت بچنە هەڵبژاردنێکەوە کە بەر سزای خەڵک بکەون".

یەکێک لە خاڵە ناکۆکەکانی نێوان پارتی و یەکێتی کە لە چەند مانگی رابردوودا نەتوانراوە بگەنە رێککەوتن لەسەری، پرسی کورسیی کۆتاکانە. یەكێتی داوا دەکات، سیستمی هەڵبژاردنی کۆتاکان فرە بازنەیی بێت و کورسییەکان بەسەر پارێزگاکاندا دابەش بکرێن، پارتیش رایگەیاندووە کە ئەوان لەگەڵ ئەوەدان پێکهاتەکان خۆیان بڕیار لە سیستمەکە بدەن.

لەبارەی هەڵوێستی گۆڕان لەسەر ئەو بابەتە، هۆشیار عومەر دەڵێت: "ئێمە لەگەڵ پێكهاتەکان کۆبووینەتەوە و زۆربەیان دەڵێن: ئەو کەسانەی ئێستا لە پەرلەمانن، نوێنەری ئێمە نین. ئێمە پێمان وایە، میکانیزمی هەڵبژاردن بۆ پێکهاتەکان، یەکەم شت دەستووری بێت، دووەم دەبێت گەرەنتی ئەوە بکرێت کە پێکهاتەکان بتوانن نوێنەری خۆیان هەڵبژێرن، واتە نابێت تۆ چارەسەر بسەپێنیت بەسەریاندا. سێیەمیش ئەوەیە کە میکانیزمەکە ئەوە بێت بتوانن دەنگ بۆ خۆیان بدەن، چوونکە زۆرجار پێکهاتەکان لە دەنگدانی تایبەتدا دەنگیان هێناوە، ئەوە شتێکی زۆر بێ مانایە و نابێت بمێنێت؛ ئەوەی لە پڕۆژەیاسای ئێمەدا هەیە کە دیموکراسی و دەستووریشە، بەپێی رێژەی دەنگدان بێت، بۆ نموونە کە پەرلەمانتارێکی ئاسایی بە هەشت هەزار دەنگ ببێتە ئەندام، پێکهاتەکان لانیکەم بۆ دەرچوون دوو هەزار دەنگیان هەبێت؛ ئەمە وادەکات، کەسێک بە دەنگێکی کەم نەبێتە پەرلەمانتار، هەروەها ئەو کەسانەی لەنێو پێکهاتەکاندا متمانەی خەڵکەکەیان هەیە، بتوانن دەنگی پێویست بهێنن و نوێنەرایەتی راستەقینەی ئەوان بکەن".

News Code 221490

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha