لە پەرلەمانی کوردستاندا ۲۰%ی  پەرلەمانتارەکان دەستیان لەکار کێشاوەتەوە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستاندا ۱۸ پەرلەمانتار دەستیان لەکار کێشاوەتەوە و دەستلەکار کێشانەوەیان پێشکێش کردووە؛ چوار پەرلەمانتاری نەوەی نوێش زیاتر لە شەش مانگە بایکۆتی دانیشتنەکانی پەرلەمانیان کردووە. بڕیارە سبەی دووشەممەش پەرلەمانی کوردستان دەستلەکار کێشانەوەی حەوت پەرلەمانتاری کۆمەڵ پەسند بکات.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، تۆڕی میدیایی ڕووداو لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردەوە بڕیارە کاژێر ۱۰:۰۰ـی ئەمڕۆ دووشەممە، ۲۲-۰۵-۲۰۲۳، پەرلەمانی کۆردستان کۆ ببێتەوە و دەستلەکارکێشانەوەی حەوت پەرلەمانتاری کۆمەڵی دادگەری پەسند بکات کە لەسەر داوای ئەنجوومەنی باڵای حیزبەکەیان و لەچوارچێوەی کشانەوەی کۆمەڵ لە حکوومەتی خۆجێیی، پەرلەمان و ئەنجوومەنی پارێزگاکاندا رۆژی ۸ـی ئەم مانگە دەستلەکارکێشانەوەیان پێشکێشی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کرد.

 لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستاندا ۱۹ پەرلەمانتار بە هۆکاری سیاسی، تێبینی لەسەر کاری پەرلەمان و حکوومەت دەستلەکارکێشانەوەیان پێشکێش کردووە، ئەوە جگە لەوەی رۆژی یەکشەممە، ۰۶-۱۱-۲۰۲۲، کاوە عەبدولقادر، سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: "پەرلەمان و حکوومەت و کابینەی نۆ لە ئەمڕۆوە هەردووکیان ماوەیان بەسەرچووە، بۆیە وەک فراکسیۆنی نەوەی نوێ بەشێک نابین لەو کارە نایاساییەی پارتی و یەکێتی و بەهیچ شێوەیەک ناچینەوە ناو هۆڵی پەرلەمانێکی بەسەرچوو."

 تاوەکوو ئێستا ۲۲ پەرلەمانتار دەستیان لەکارکێشاوەتەوە، دەستلەکارکێشانەوەیان پێشکێش کردووە و کۆبوونەوەکانی پەرلەمانیان بایکۆت کردوون کە بەمشێوەیە بەسەر لایەنەکان دابەشبوون:

- کۆمەڵی دادگەریی کوردستان ۷ پەرلەمانتار.

- یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان ۵ پەرلەمانتار

- گۆڕان ۲ پەرلەمانتار

- گۆڕان (پێشکێش کردنی دەستلەکارکێشانەوە) ۳ پەرلەمانتار

- نەوەی نوێ (پێشکێش کردنی دەستلەکارکێشانەوە) ۱ پەرلەمانتار

- نەوەی نوێ (بایکۆت) ۴ پەرلەمانتار

ئەوەی کە پەیوەندی بە نەوەی نوێوە هەیە، سەرچاوەیەک لەو جووڵانەوەیە بە رووداوی گوت، لە ۶ـی تشرینی دووەمی ساڵی ۲۰۲۲ـەوە هیچ مووچەیەک نەچووەتە سەر هەژماری بانکییان.

چیا حەمید شەریف، جێگری سەرۆکی لیژنەی کاروباری پەرلەمان و سکاڵاکان لە پەرلەمانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "تاوەکو ئێستا تەنیا چەند پەرلەمانتارێکی کەم لەو پەرلەمانتارانەی دەستلەکارکێشانەوەیان بە فەرمی قبووڵکراوە، دەستیان لە ئیمتیازات هەڵگرتووە؛ بەشێکی زۆری ئەوانی دیکە مووچە و ئیمتیازاتەکان وەردەگرن؛ بۆیە ئەو دەستلەکارکێشانەوانە بەشی هەرە زۆریان بۆ موزایەدەی سیاسیی دەکرێن".

بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە پەرلەمانی کوردستان دەستلەکارکێشانەوەی حەوت پەرلەمانتارەکەی کۆمەڵی دادگەری پەسندبکات کە ئەمانەن:

۱- عەبدولستار مەجید قادر

۲- عوسمان عەلی سمایل

۳- بەدریە ئیسماعیل مەحموود

۴- موسلیم عبدوڵلا رەسول

۵- هەورامان حەمەشەریف حەمەڕەشید

۶- رووپاک ئەحمەد رەحما

۷- عومەر عەبدوڵلا فەتاح

رۆژی ۱۶-۱۱-۲۰۲۳، پەرلەمانی کوردستان لە دانیشتنی ئاسایی ژمارە ۱۳ـیدا دەستلەکارکێشانەوەی شایان کاکەساڵح محەممەد، ئەندامی پەرلەمانی کوردستانی لە فراکسیۆنی گۆڕان پەسندکرد.

رۆژی چوارشەممە، ۱-۰۳-۲۰۲۳، پەرلەمانی کوردستان یەکەم کۆبوونەوەی خولی بەهارەی کرد و تێیدا دەستلەکارکێشانەوەی حەوت پەرلەمانتاری پەسندکرد کە پێکهاتبوون لە شێرکۆ جەودەت، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو، ئەبوبەکر عەبدوڵڵا، ئیسماعیل عەلی، سەرچنار ئەحمەد و هەلز ئەحمەد، پەرلەمانتارانی یەکگرتوو؛ هەروەها پەرلەمانتاران عەلی حەمەساڵح و کازم فارووق.

رۆژی ۱۶ـی ئایاری ۲۰۲۳، دابان محەممەد، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لەگەڵ هەریەکە لە پەرلەمانتاران شیرین ئەمین و ئاشنا عەبدوڵڵا، کە پێشتر هەرسێکیان پەرلەمانتاری فراکسیۆنی بزووتنەوەی گۆڕان بوون، هەروەها دیاری ئەنوەر کە پێشتر لە فراکسیۆنی نەوەی نوێ بوو و دواتر سەربەخۆبوونی خۆی راگەیاند، دەستلەکارکێشانەوەیان پێشکێشی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان کردووە.

۰۹-۱۰-۲۰۲۲ بە دەنگی ۸۰ پەرلەمانتاری پەرلەمانی کوردستان، تەمەنی ئەم خولەی پەرلەمان تاوەکو کۆتایی وەرزی دانانی خولی پاییزە، کە دەبێتە کۆتایی ساڵی ۲۰۲۳، درێژکرایەوە، ئەوەش نیگەرانیی بەشێک لە فراکسیۆنەکانی لێکەوتەوە.

News Code 221483

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha