بە دوبارە هەڵبژاردنەوەی ئەردۆغان فشارەکان لەسەر کورد زیاتر دەبن

بەشی جیهان- سیاسەتمەداری دیاری کورد سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانی دابێی تورکیا دەڵێت، بە دوبارە هەڵبژاردنەوەی ئەردۆغان فشارەکان لەسەر کورد زیاتر دەبن.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، دکتۆر مەحمود عوسمان لەبارەی هەڵبژاردنەکانی تورکیا بە دەنگی ئەمریکای راگەیاندووە: "کوردەکانی تورکیا دوو بژارده‌یان هه‌یه،‌ به‌ڕاستی هیچیان زۆر باش نین، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ته‌ماشایان بکه‌ین، مه‌سه‌له‌ی که‌مال کلیچدارئۆغڵو و ئه‌وانی تر چاکتره‌ له‌ ئه‌ردۆغان".

مەحمود عوسمان لەو بڕوایەدایە شتێکی باش نابێت ئەگەر ئەردۆغان هەڵبژێردرێتەوە: "چوونکه‌ ئەردۆغان چه‌ندین ساڵه‌ حوکم ده‌کات سیاسه‌تی هه‌ر خراپ بووه‌ و شه‌ڕخواز بووه‌ پشتگیری له‌وه‌ کردووه‌ که‌ کێشه‌ی کورد به‌شه‌ڕ چاره‌سه‌ر بکرێت، هه‌رکه‌سێکیش به‌رگری کردبێت له‌ کورد به‌ تیرۆریستی داناوه‌، سیاسه‌تی تیرۆریزمی ده‌وڵه‌تی به‌کارهێناوه‌ به‌رامبەر بە کورد له‌م دیو سنوور و له‌و دیو سنوور".

ئەم سیاسەتوانە کوردە دەڵێت: کورد پشتگیری لە کڵیچدارئۆغڵو دەکات بە ‌ئومێدی ئه‌وه‌ی شه‌ڕ نه‌بێت و وتیشی: "کڵیچدارئۆغڵو و ئه‌وان ده‌ڵێن شه‌ڕ ناکه‌ین، به‌ڵکوو له‌ په‌رله‌مان کێشه‌ی کورد چاره‌سه‌ر ده‌که‌ین، هه‌ر ئه‌م قسه‌یه‌ خۆی گۆڕینێکه‌ له‌ سیاسه‌تی ئەردۆغان که‌ کورد هه‌مووی به‌ تیرۆریست ده‌زانێت و به‌رده‌وامه‌ له‌سه‌ر شه‌ڕ کردن و له‌ هیچ که‌س ڕازی نییه‌، نه‌ له‌ سه‌رۆک شاره‌وانییه‌کان و نه‌ له‌ په‌رله‌مانتاره‌ کورده‌کان که‌ هه‌موویان به‌ یاسای تورکیا هه‌ڵبژێردراون، ڕازی نییه‌ لێیان واتا ئه‌م سیاسه‌ته‌ زیانی زۆری بۆ کورد و بۆ تورکیاش هه‌بووه‌".

ئەو سیاسەتمەدارە، هەڵبژاردنەکانی 14ی مانگی تورکیای بە"گرنگ" پێناسە کرد و هۆشداری دا لەوەی بەردەوامی دەسەڵاتی حزبەکەی ئەردۆغان لە بەرژەوەندی کورد نییه، وەک دەڵێت، "چوونکه‌ سیاسه‌تیان خراپ بووه‌ و هه‌میشه‌ شه‌ڕخواز بوون به‌ کورد و ڕه‌گه‌زپه‌رست بوون".

مەحموود عوسمان دەشڵێت: "بێگومان ئه‌گه‌ر ئه‌وان نه‌مێنن و بگۆڕدرێن و ئه‌وانه‌ی تر که‌ دێنه‌ پێش ده‌ڵێن 'نامانه‌وێت به‌ شه‌ڕ کێشه‌ی کورد چاره‌سه‌ر بکه‌ین، به‌ڵکوو له‌ په‌رله‌مان چاره‌سه‌ری ده‌که‌ین، 'هه‌رچۆنێک بێت باشترن له‌ ئه‌ردۆغان و ئه‌وانی تر".

بە بڕوای مەحموود عوسمان، سەرکەوتنی کلیچدارئۆغلو لە هەمانکاتدا ئەگەری ئازاد کردنی سەلاحەدین دەمیرتاش، کە یەکێکە لە ڕێبەرە سیاسیە زیندانیکراوەکانی کوردی تورکیا، زیاتر دەکات.

دکتۆر مەحموود دەڵێت: "ده‌مێکه‌ خۆی کەمال کلیچدارئۆغلو وتوویه‌تی دەمیرتاش بێ یاسایی ماوه‌ته‌وه‌ لەزیندان، به‌ڵام بۆ ئازاد کردنی عه‌بدوڵا ئۆجەلان دڵنیا نیم".

هەڵبژاردنەکانی تورکیا هەر بۆ کوردی ئەو وڵاتە گرنگ نین، بەڵکو وەها چاوەڕواندەکرێت ئەنجامەکان کاریگەی ڕاستەوخۆیان هەبێت لەسەر کوردستانی عێراق و سوریاش.

لەمبارەیەوە مەحمود عوسمان دەڵێت: "ئەردۆغان هه‌ر دان بەوەدا نانێت که‌ هه‌رێمی کوردستان قه‌واره‌یه‌کی سیاسییه‌، هه‌میشه‌ش ده‌ڵێت کێشه‌ی کورد نییه‌ له‌ تورکیا و هه‌میشه‌ش ده‌ڵێت 'ئێمه‌ نامانه‌وێت له‌ باکووری سووریادا قه‌واره‌یه‌کی وه‌کوو باکووری عێراق دروست ببێت".

ناوبراو دەشڵێت: "ئەردۆغان دۆستی هه‌رێمی کوردستان نییه‌، به‌ڵام هه‌رێمی کوردستان به‌رژه‌وه‌ندی له‌گه‌ڵ ئەردۆغان هه‌یه‌ له‌ مه‌سه‌له‌ی نه‌وت و بازرگانی و زۆر شتدا له‌به‌رئه‌وه‌ په‌یوه‌ندییه‌کان حسابی بۆ کراوه".

بە درێژایی دەیان ساڵ و پێش هاتنە سەر دەسەڵاتی ئەردۆغانیش، سوپای تورکیا بەردەوام لەناو خاکی عێراق و سوریا چەندین ئۆپەراسیۆنی سەربازی ئەنجام داوە، بەبیانووی بوونی چەکدارانی پەکەکە.

بەبڕوای مەحموود عوسمان لە ئەگەری سەرکەوتنی کەمال کلیچدارئۆغلو دوورنیە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی تورکیا لە کوردستانی عێراق و سووریا بوەستن.

News Code 221431

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha