سەرۆکی تیمی یەکێتی بڕیاری کۆتایی لەسەر گەڕانەوەی وەزیرەکان بۆ ناو کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران دەدات

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- بێگەرد تاڵەبانی دوایین زانیارییەکانی لەبارەی گفتوگۆکانی نێوان یەکێتیی نیشتمانی و پارتی دیموکرات بۆ کوردپرێس باس کرد و ڕایگەیاند: گفتوگۆکان درێژەیان هەیە و بڕیاری کۆتاییش لەسەر گەڕانەوەی وەزیرەکانی یەکێتی بۆ ناو کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران سەرۆکی تیمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەیدات.

کوردپرێس:

بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان لەبارەی دەرئەنجامی دیدارەکەی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ مەسروور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە کوردپرێسی وت: دیدارەکە دەستپێکک بوو بۆ ئەوەی کە ئەو سەرەنج و تێبێنییانەی کە لە ڕابردوو هەبووە لەلایەن تیمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە بە یەکەوە هەردوولا باسیان کردووە و لە دەرئەنجامی ئەو دیدارەش تیمی هەردوولا ڕاسپێردراوە بۆ ئەوەی کە لەسەر ئەو خاڵانەی کە پەیوەندیدارن بە بابەتەکانی گەڕانەوەی تیمی یەکێتی و ئەو پێشنیارانەی کە کراوە لەسەر مەسەلەی دارایی لەنێوان یەکێتی و پارتی کە خۆتان دەزانن پەیوەندیدارە بە مووچە و ژیان و شێوازی ئیدارەدانی دارایی لە هەرێمی کوردستان.

جگە لەمانەش ئەو بابەتانەی تر کە لەنێوان یەکێتی و پارتیدا دەکرێت خاڵێک بوو کە نەزەری جیاوازیان لەسەر بوو لیژنەی یەکێتی و پارتی یەعنی نوێنەرەکانی تیمی یەکێتی و تیمی پارتی لەگەڵ یەک کۆ دەبنەوە بۆ ئەوەی کە نەخشە ڕێگاکە دابڕێژن دوای ئەوە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بڕیاری خۆی یەکلایی دەکاتەوە لەسەر بەشداری کردنی تیمە وەزارەییەکەی لە کۆبوونەوەی داهاتووی ئەنجومەنی وەزیران.

لە وەڵامی ئەو پرسیارەی هەواڵنێری کوردپرێسدا کە تا ئێستا ئەم داواکارییانەی کە یەکێتی کردوویەتی لەلایەن پارتییەوە قبووڵ کراوە یان ئەبێت کاری زیاتری لەسەر بکرێت وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان وتی: بە دڵنیاییەوە بەرەوپێشچوونەکەی زۆر زۆر باشە، ئەگەر بەرەو پێشچوون نەبووایەت تیمی هەردوولا بەیەکەوە کاریان نەدەکرد بۆ ئەوەی بەرنامەڕێژی بکەن بۆ جێبەجێ کردنی داواکارییەکانی تیمی یەکێتی.

 ڕۆژی چوارشەممە 10ی ئایار کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان دواخرا و بڕیاردرا ئەم کۆبوونەوەیە ڕۆژی یەکشەممە 14ی ئایار ئەنجام بدرێت. پێدەچێت دواخستنی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، پەیوەندیی ڕاستەوخۆی بە گفتوگۆی نێوان یەکێتیی نیشتمانی و پارتی دیموکراتی کوردستانەوە هەبێت سەبارەت بە گەڕانەوەی کۆی وەزیراەکانی یەکێتی بۆ دانیشتنەکەی داهاتووی کابینەدا بێگەر تاڵەبانی وتی:  تیمی هەردوولا ئەمڕۆ و بەیانی سەرقاڵی داڕشتنی نەخشەڕێگای کار کردنن پێکەوە، لەسەر ئەم پرسیارەش سەرۆکی تیمی یەکێتی بڕیاری کۆتایی دەدات.

 

 

News Code 221427

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha