بەپێی هەواڵی کوردپرێس، هەڤاڵ ئەبووبەکر پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند، بەپێی دەستوور دەبێت حکوومەتی ناوەندی بەرهەمەکانی نەوت بۆ هەموو پارێزگاکان دابین بکات، وەک بەنزین، گازوایل، نەوتی سپی، رۆنی ئۆتۆمبێل و نەوتی ڕەش.
ناوبراو وتیشی، دوای ڕادەست کردنەوەی دۆسیەی نەوت بە بەغداد، پێویستە حکوومەتی ناوەندی بەرهەمەکانی نەوت ڕەوانەی هەرێم بکات.
پارێزگارى سلێمانى ئاماژەى بەوەش کرد: "پێشتر بە بیانووی ئەوەی هەرێم خۆی نەوتی دەفرۆشت بەرهەمەکانی نەوت وەک پێویست نەنێردراون، بەڵام دوای ڕادەست کردنی دۆسیەی نەوت بە بەغداد، چیتر پاساو نامێنێت و بەپێی دەستوور، دەبێت حکوومەتی ناوەندی بەرهەمەکانی نەوت بۆ هەموو پارێزگاکان دابین بکات و ئەو بەرهەمانە بە هەمان نرخ و کوالێتی بۆ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بنێرێت".
بەوتەى هەڤاڵ ئەبووبەکر، ئەگەر حکوومەتی ناوەندی نەوتی سپی بۆ هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان نەنێرێت، ئەوا لە زستانی داهاتوو قەیرانی نەوتی سپی بەردەوام دەبێت.
Your Comment