کوردپرێس:
بەگوێرەی راگەیەندراوێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، مەسروور بارزانى، سهرۆکى حکوومەتی ههرێمى کوردستان، پێشوازیی له باربارا لیف یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و شاندێکى یاوهرى کرد، له کۆبوونهوهکەدا که ئەلینا ڕۆمەناوسکى، باڵیۆزى ئهمریکا لە عێراق و و ئیرڤن هیکس، کونسوڵى گشتیى ئهمریکا له ههرێم ئامادەی بوون، دوایین پێشهات و پەرەسەندنەکانی عێراق و پەرەپێدانی پەیوەندی دۆستانەی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمریکا تاوتوێ کرا.
ئاماژە بەوەش کراوە، تەوەرێکی سەرەکی کۆبوونەوەکە، تایبەت بو بە گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدڕاڵ، هەردوولا هاوڕابوون لە سەر ئەوەی پێویستە بە زووترین کات ڕێککەوتنی نێوان هەرێم و حکوومەتی فیدڕاڵ تایبەت بە نەوت جێبەجێ بکرێت و هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دەست پێبکاتەوە بۆ ئەوەی چیتر هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان و عێراق بە گشتی زیانمەند نەبن.
سەبارەت بە دۆخی هەرێمی کوردستان، مەسروور بارزانی وتی: "پێویستە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، ئەمساڵ لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا بکرێت و بۆ ئەم مەبەستەش، ئامادەیی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ پێشکەش کردنی هەموو کارئاسانییەک دەربڕی".
Your Comment