بەپێی هەواڵی کوردپرێس، بەگوێرەی راگەیەنراوێکی نووسینگەی راگەیاندنی جێگری سەرۆکی حکوومەتی هەرێم، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران لەگەڵ شاندێکی باڵای حکوومەتی ئەڵمانیا کە پێکهاتبوو لە یۆخن فلاسبارس وەزیری دەوڵەت بۆ هاریکاری ئابووری و گەشەپێدان و ڤێرنەر گاتزەر وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری دارایی کۆبووەوە و لە کۆبوونەوەکەدا کۆمەڵێکی پرسی جێی بایەخی هەردوولا تاوتوێ کران.
لە بەشێکی کۆبوونەوەکەدا کە لە هەولێر بەڕێوەچوو و تیایدا هەر یەکە لە باڵیۆزی ئەڵمانیا لە عێراق و کونسوڵی ئەو وڵاتە لە هەرێم و دابان شەدەڵە ئامادەی بوون، جێگری سەرۆک وەزیران سوپاسی هاوکارییەکانی حکوومەتی ئەڵمانیای کرد لە بواری چاکسازیدا لە هەرێمی کوردستان و رۆڵی ئاژانسەکانی پەرەپێدانی ئەو وڵاتەشی لە کوردستان بەرز نرخاند، داواشی کرد هاوکارییەکانی ئەڵمانیا لە بوارە جیاوازەکاندا بەردەوام بێت و وەفدەکەی حکوومەتی ئەڵمانیا لەمبارەیەوە جەختی کردەوە لەسەر بەردەوام بوونی هاوکارییەکان.
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ کرا لەسەر پرسی هەڵبژاردنەکانی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان و هەردوولا هاوڕا بوون کە پێویستە بە زویی هەڵبژاردن بە شێوەیەکی پاک و بێگەرد بەڕێوە بچێت و نابێت رێگە بدرێت پرۆسەی دیموکراسی لە هەرێم پاشەکشە بکات.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی دۆخی شەنگال کرا، شاندەکەی حکوومەتی ئەڵمانیا داوای کرد بە زویی دۆخی شەنگال ئاسایی بکرێتەوە و ئاوارەکان بگەڕێندرێنەوە ناوچەکانی خۆیان و لە ڕووی ئابووری و ئاوەدانییەوە گرنگی بە ناوچەی شەنگال بدرێت.
لەم چوارچێوەیەشدا قوباد تاڵەبانی جەختی کردەوە، ئێزیدییەکان پێکهاتەیەکی گرنگ و ڕەسەنی کوردستان و عێراقن، وتیشی: "بۆ ئاسایی کردنەوەی دۆخی شەنگال پێویستە لەسەرەتادا ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکە دابین بکرێت بۆ ئەوەی بتوانرێت ئاوارەکان بگەڕێنەوە زێدی خۆیان، بۆ ئەمەش گرنگە هەردوو حکوومەتی عێراق و حکوومەتی هەرێم و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش خواست و بۆچوونی دانیشتووانی شەنگال بە گرنگ وەربگرن و نوێنەران و خەڵکی ناوچەکە بەشدار بکرێن لە ئاسایی کردنەوەی دۆخی ناوچەکەی خۆیان".
لە تەورەێکی دیکەدا گفتوگۆ کرا لەسەر کێشە ناوخۆییەکانی هەرێمی کوردستان و لەمبارەیەشەوە قوباد تاڵەبانی رایگەیاند: "بە درێژایی ساڵانی رابردوو بە داخەوە ئەمە یەکەمجارە کێشە و ناکۆکییە سیاسییەکان دەهێنرێتە ناو حکوومەتەوە" و هیوای خواست ئەم کێشانە بە زویی چارەسەر بکرێن بۆ ئەوەی حکوومەتی هەرێم بتوانێت بە دوور لە ململانێی سیاسی و حیزبی بە شێوەیەکی دادپەروەرانە و بێ جیاوازی خزمەتی هەموو هاوڵاتیان و ناوچە جۆراوجۆرەکانی کوردستان بکات.
پرسی ژینگە تەورەێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو، لەمبارەیەشەوە جێگری سەرۆک وەزیران رایگەیاند، عێراق و کوردستان قوربانی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوان و بە پێویستی زانی هەردوو حکوومەتی عێراق و هەرێم پێکەوە کاربکەن بۆ ئەوەی بە پلانی هاوبەش ڕووبەڕووی کاریگەرییە خراپە پێشبینی کراوەکانی گۆڕانکارییە ژینگەییەکان ببنەوە، داواشی کرد؛ حکوومەتی ئەڵمانیا و وڵاتانی دۆست لەمبارەیەوە هاوکاری عێراق و کوردستان بکەن.
Your Comment