کوردەکانی تورکیا بە فەرمی پشتگیریی خۆیان بۆ کەمال کڵچدارئۆغڵو ڕاگەیاند

بەشی تورکیا- هاوسەرۆکی هەدەپە رایگەیاند، بڕیاریان داوە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری تورکیا کە 14ی ئایار دەکرێت، پشتگیری لە بەربژێری هاوپەیمانیی میللـەت بکەن.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، میتحەت سانجار، هاوسەرۆکی هەدەپە ئاشکرای کرد، بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار پشتگیری لە کەمال کڵچدارئۆغڵو، بەربژێری هاوپەیمانیی میللـەت دەکەن.

لە لێدوانێکدا بۆ میدیایەکی تورکی سانجار ئاماژەی بەوە دا: "ئەم هەڵبژاردنە بە گرینگترین هەڵبژاردن لە مێژووی تورکیادا دەبینین، دوو ئامانجی ستراتیژیمان هەیە، ئامانجی یەکەم کۆتایی‌هێنانە بە رژێمی تاکە کەسی، ئامانجی دووەم ئەوەیە ببینە کاریگەرترین هێز لە گۆڕانکاریی دیموکراسیدا."

هاوسەرۆکی هەدەپە گوتیشی: "رێگەی کۆتایی‌هێنان بە رژێمی تاکە کەسی لە رێگەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتییەوەیە، لە لایەک ئەردۆغان بەربژێری هاوپەیمانیی جمهور هەیە کە دەیەوێت رژێمەکە بکاتە هەمیشەیی، لە لایەکی دیکەشەوە کڵچدارئۆغڵو هەیە کە بەڵێنی گۆڕینی رژێمی دا، ئامانجەکانمان لە خاڵی کۆتاییهێنان بە رژێمی تاکە کەسی لەگەڵ کڵچدارئۆغڵودا یەکدەگرێتەوە، هەربۆیە بڕیارماندا پشتگیری لە کڵچدارئۆغڵو بکەین."

هەدەپە کە بەهۆی بەردەوامیی دۆسیەی داخستنی لە دادگەی دەستوور لەژێر ناوی پارتی چەپی سەوز - یەسەپە بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی تورکیادا دەکات، بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار بەربژێری دەستنیشان نەکرد.

News Code 221329

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha