کوردەکان لە هەڵبژاردنی ۲۰۲۳ی تورکیا چ دەورێک دەبینن

بەشی جیهانی- پەیمانگای واشنتۆن بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە دووری نازانێت ڕەجەب تەییب ئەردۆغان لە هەڵبژاردنەکانی مانگی دابێدا هانا بۆ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە ببات ئەوەش بە لەبەرچاوگرتنی گرنگیی ڕۆڵی کورد لە تورکیا.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە ڕوانگەی ژمارەیک زۆر لە شرۆڤەکارانی پرسەکانی تورکیا، هەڵبژاردنەکانی تورکیا لە ١٤ی ئایاری ٢٠٢٣دا بە لەبەرچاو گرتنی دەوری کوردەکان لەم هەڵبژاردنە و هەروەها دروست کردنی بەرەیەکی یەکگرتووی ئۆپۆزیسیۆن لە بەرامبەر ڕەجەب تەییب ئەردۆغان کە ماوەی ۲۰ ساڵە دەسەڵاتی لە تورکیا بەدەستەوە گرتووە، گرینگیەکی زۆری هەیە.

پەیمانگای واشنتۆن بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە شیکاریەکی تێروتەسەلدا ئاماژەی کردووە بە فاکتەرە کاریگەرەکان لەم هەڵبژاردنەدا کە ڕۆڵی کورد یەک لە گرینگترین فاکتەرەکانە.

بەڕای ئەم ڕێکخراوەیە ڕەجەب تەییب ئەردۆغان سەرەڕای سیاسەتی سەرکوت کردنی کوردەکان ئاگاداری پێگەی کوردەکان لە هەڵبژاردنەکانی تورکیایە.

ئەم پەیمانگایە ئاماژەی داوە بە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ۲۰۱۹ی شارەوانییەکان لە تورکیا کە ڕەجەب تەییب ئەردۆغان توانی قەناعەت بە ئۆجەلان بێنێت کە داوا لە کورد بکات هەڵبژاردنەکان بایکۆت بکەن ئەوەش بە مەبەستی زەبر لێدان لە بەرەی ئۆپۆزیسیۆن و دەڵێت ئەگەری دووپات بوونەوەی ئەم سیناریۆیە لەلایەن ئەردۆغانەوە دوور نییە.

پەیمانگای واشنتۆن بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێی وایە دەنگی کوردەکانی تورکیا کە لە نێوان ۱۵ بۆ ۲۰%ی کۆی دەنگی هاووڵاتیانی ئەو وڵاتە پێکدەهێنێت، بەسەر سێ بەرەدا دابەش دەکرێت: ۱- زیاتر لە نیوەی دەنگدەرانی کوردی تورکیا پشتگیری لە پارتی دیموکراتیکی گەلان دەکەن. ۲- نزیکەی ۲۰ تا ۳۰ لەسەد لە کوردە موحافیزەکارەکانیش پشتیوانی پارتی دەسەڵاتداری داد و گەشەپێدان و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان دەکەن. ۳- کەمترین دەنگی کوردیش کە نزیکەی یەک لەسەر شەشی دەنگدەرانی کوردە، پشتیوانی پارتی کۆماریخوازی گەل دەکەن.

بەڵام پێشبینی دەکرێت بەهۆی نەناساندنی کاندیدێکی سەربەخۆ لەلایەن پارتی دیموکراتی گەلانەوە لە هەڵبژاردنەکانی مانگی داهاتوودا پاڵپشتی کورد بۆ پارتی کۆماریخوازی گەل زیاتر ببێت.

ئەم پەیمانگا ئەمریکییە جەختی لەوە کردووەتەوە کە نە کاندیدی بەرەی ئۆپۆزسیۆن و نە ڕەجەب تەییب ئەردۆغان بەبێ پشتیوانیی کوردەکانی تورکیا ناتوانن لە خولی یەکەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیادا سەرکەوتن بەدەست بهێنن. بۆیە بژاردەی پارتی دیموکراتیکی گەلان لەم هەڵبژاردنەدا زۆر گرینگ دەبێت.

هەر بەپێی شیکاریی ئەم پەیمانگایە، بە ئەگەری زۆرەوە لە هەڵبژاردنەکانی مانگی دابێی تورکیادا کورد لەسەر داوای پارتی دیموکراتیکی گەلان پشتیوانی بەرەی ئۆپۆزسیۆن بکات.

News Code 221290

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha