بەپێی هەواڵی کوردپرێس مەولود چاوش ئۆغڵو وەزیری دەرەوەی تورکیا وێڕای تۆمەتبار کردنی ئەمریکا بە پاڵپشتی کردنی PKK و YPG رایگەیاند رەجەب تەیب ئەردۆغان لە دیدارەکەی لەگەڵ جۆو بایدن ئەم زانیاریانەی باس کردوە، هەروەها ئەو زانیاریانەی بەئێمەگەیشتون ئەو هێلیکۆپتەرانەی هەن لەلایەن یەپەگەوە بەکارهێندراون و لەلایەن ئیدارەی سلێمانیەوە دابین کراون کە پەیوەندی بە پارتەکەی تاڵەبانیەوە هەیە.
ناوبراو وتیشی: "وەک دەزانن ئیدارەی هەولێر و ئیدارەی سلێمانی هەیە، ئێمە دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆیان ناکەین، لەهەمان کاتدا ململانێ و گرژی گەورە لەنێوان هەیە، بەڵام ئاڵۆزیەکانیان کاریگەری نەرێنی لەسەر هەموو دراوسێکانیان دروست کردووە".
مەولود چاوش ئۆغڵو دەشڵێت: "پارتەکەی تاڵەبانی ئەم هەلیکۆپتەرانەی لە فەڕەنسا کڕیوە و بۆ تیرۆریستان تەرخانیان کردوە، ئەو ناوچەیەش کۆنتڕۆڵی ئاسمانی لەژێر کۆنتڕۆڵی ئەمریکایە و هەربۆیە ئەمریکا ئاگاداری ئەم گەشتانەیە کە بەهێلیکۆپتەرەکان ئەنجام دەدرێن، لەهەمانکاتدا جەخت دەکەینەوە، هەلیکۆپتەرەکان هی پەکەکە نین، بەڵکوو لەلایەن ئیدارەی سلێمانیەوە بۆیان تەرخان کراوە، داواشمان لە دەزگای هەواڵگریمان کردووە بەدواداچوونی زیاتر بۆئەمە بکەن".
هەر لەو لێدوانەیدا مەولو.د چاوش ئۆغڵو ئاشکرای کردوە، "لە ئەنجامدا ئەو ئاسمانەی بەکاریان هێناوە ئاسمانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانییە، ئەو فڕۆکەخانەیە بەکاردێنن کە هەموو کەس بەکاری دێنێت، لەکاتێکدا چەندین جار دووپاتمان کردۆتەوە، پەکەکە لە سلێمانی چووەتە نێو خاڵە ستراتیژییەکان و فڕۆکەخانەکان، لەکاتێکدا نەیانتوانی بچنە هەولێر بۆیە بە چەندین شێوازی جیاواز هەوڵی لاوازکردنی هەولێر دەدەن، بەڵام لە سلێمانی دەتوانم بڵێم پەکەکە هەموو شوێنێکی کۆنتڕۆڵ کردووە، بۆیە ئێمە ئاسمانی خۆمان داخست و هەر فڕۆکەیەک لەوێ هەڵسابێت ناتوانێت بێتە نێو ئاسمانی ئێمەوە".
وەزیری دەرەوەی تورکیا ئەوەشی خستۆەتەڕوو، "کاتێک قسەمان لەگەڵ هەندێک کەسی ناو یەکێتی کردوە، ئەوان دەڵێن پەکەکە بە تەواوی پارتەکەی کۆنترۆڵ کردووە، ئەمە کێشەیەکی جدییە، پێویستە ئەوەش بزانن، ئەم کەسانە لە سووریا، قەندیل، شنگال و سلێمانی یان لە هەر کوێ بن بەئامانجیان دەگرین، ئەمە نابێتە هۆی رزگاربوونیان".
Your Comment