"کورد" و "بوومەلەرزە" دوو فاکتەری دیاریکەری سەرەکین لە هەڵبژاردنەکانی تورکیا

بەشی جیهان- دوکتور هوستن، کۆمەڵناس و مامۆستای زانکۆی مەک کوایەر، لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێسدا، ڕەتی نەکردەوە کە بوومەلەرزە و لێکەوتەکانی ئەو ڕووداوە کاریگەریی دەبێت لەسەر کەمبوونەوەی دەنگی ئەردۆغان و ڕاشیگەیاند هەروەها دەنگی کوردەکان کاریگەریی دەبێت لەسەر دیاری کردنی لایەنی براوەی هەڵبژاردنەکان.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، کەمتر لە دوو مانگ ماوە بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی تورکیا. بەڵام بە گوتەی شارەزایان، بوومەلەرزە سەختەکەی زستانی ڕابردوو لە تورکیا کە نزیکەی ٥٠ هەزار کوژراوی لێکەوتەوە، هەروەها هاوپەیمانی شەش پارتی سەرەکی ئۆپۆزسیۆن لە تورکیا، جگەلە پارتە کوردییەکان، دەتوانێت کاریگەری لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی تورکیا هەبێت و بەشێوەیەکی بێ وێنە، تەنگەژە بخاتە بەردەم دەسەڵاتی ٢٠ ساڵەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی ئێستای تورکیا و کاندیدی پارتی داد و گەشەپێدان و پارتەکانی هاوتەریب لەگەڵیدا.

پرۆفیسۆر کریستوفر هوستۆن، مامۆستای کۆمەڵناسی لە زانکۆی مەک کوایەر کە چەندین لێکۆڵینەوەی لەسەر پێکهاتەی کۆمەڵایەتی تورکیا ئەنجام داوە، پێی وایە جگە لە کاریگەریی بوومەلەرزەکە لەسەر هەڵبژاردنەکان، کوردەکانیش دەتوانێت کاریگەرییان لەسەر بەختی حزبەکان هەبێت لە بردنەوەی هەڵبژاردنەکانی 14ی ئایاری 2023دا.

دکتۆر کریستۆفر لەبارەی کاریگەریی بوومەلەرزەکەی زستانی ڕابردوو لەسەر پێگەی جەماوەریی ئەردۆغان و حزبەکەی وتی: بە قەرەبووکردنەوەی زیانەکان و خێراکردنی پرۆسەی ئاوەدانکردنەوە حکوومەت چانسی ئەوەی هەیە دەنگدەران ڕازی بکات کە دووبارە پشتگیری ئەردۆغان و پارتەکەی بکەنەوە. بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ڕەخنانەی ئاراستەی شێوازی مامەڵەکرنی حکوومەت لەگەڵ پاشهاتەکانی بوومەلەرزەکە، کراوە، لانیکەم لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەبینرێت، پێموایە تەنانەت لایەنگرانی پارتی داد و گەشەپێدان و ئەردۆغان لە ناوچە بوومەلەرزەلێدراوەکان نائومێد بوون، لە ئەنجامدا خواستێکی کەم هەیە بۆ دەنگدانی دووبارە بە ئەردۆغان و حزبەکەی.

ناوبراو سەبارەت بە ڕێژەی دەنگەکانی ئەردۆغان لەو ناوچانەی کە بوومەلەرزەکەی تێدا نەبووە، ئاماژەی بەوە کرد: سەبارەت بە دەنگی لایەنگرانی ئەردۆغان لە چەند ناوچە وەک ئەستەنبوڵ، ئەنقەرە و کەنارەکانی دەریای ڕەش، کە بوومەلەرزەکە کاریگەریی لەسەریان نەبووە بەڵام وێنەکانیان بینیوە، ڕایگەیاند: پێویستە بڵێین ئەوان ئەوان لایەنگری بەوەفای پارتی داد و گەشەپێدانن. لە لایەکی ترەوە چاو و گوێیان تەنها لەسەر میدیای لایەنگری حکوومەتە. میدیا تەنها گوزارشت لە بۆچوونی حکوومەت دەکات. وەک دەزانین کۆمەڵگای تورکیا بۆتە کۆمەڵگەیەکی فرە جەمسەری. ئەگەری ئەوە هەیە بیر و ڕای بەشێک لە لایەنگرانی ئەم پارتە لە شارە گەورەکانی تورکیادا لەبارەی ئەردۆغانەوە گۆڕابێت.

 

مامۆستای زانکۆی مەک کوایەر، کێشە ئابوورییەکانی تورکیای بە هۆکارێکی دیکەی کاریگەری لەسەر هەڵبژاردنەکان زانی و بە کوردپرێسی ڕاگەیاند: بەڵام کێشەیەکی دیکە بۆ پارتی داد و گەشەپێدانی ئەردۆغان لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا هەیە -کە گرنگتریشە- و ئەوەش کێشەی چینی کرێکار و چینی کەمدەستە. ئەم کێشەیە دەگەڕێتەوە بۆ سیاسەتە ئابوورییە زۆر خراپەکەی حکوومەت کە بووەتە هۆی هەڵاوسانی بەرفراوان کە دواجار باجێکی گەورە دەخاتە سەر شانی چینی کرێکار و پرۆسەی باشترکردنی دۆخەکەیان خاو دەکاتەوە. بە لە بەرچاو گرتنی ئەمەش کە بەشێکی زۆری دەنگدەرانی پارتی دەسەڵاتداری تورکیا لە چینی کرێکار و چین و توێژە هەژارەکانی تری تورکیان، بە دڵنیاییەوە قەیرانی ئابووری کاریگەری لەسەر دەنگەکانیان دەبێت.

 

دکتۆر کریستوفر هۆشداریشی دا کە مەرج نییە نەیارانی ئەردۆغان دەنگ بە ئۆپۆزسیۆن بدەن و لەم بارەوە وتی: پرسێکی تر ئەوەیە کە ئەگەر ئەو دەنگدەرانەی پاڵپشتی پارتی داد و گەشەپێدان دەکەن لێی دووربکەونەوە، ئەوا ئۆپۆزسیۆنی تورکیاشیان بەدڵ نابێت. لەوانەیە دەنگ بە کەسانی دیکە بدەن و ئەمەش دەرفەتێک بۆ لایەنەکانی دیکە دەڕەخسێنێت.

 

مامۆستای زانکۆی مەک کوایەر سەبارەت بە کاریگەریی ئەو ئاگربەستەی کە پارتی کرێکارانی کوردستانی تورکیا (PKK) ڕایانگەیاندبوو لەسەر هەڵبژاردن وتی: من گەشبین نیم بە کاریگەری ڕاگەیاندنی ئاگربەستی پەکەکە لە کاتی بوومەلەرزەکەدا تا دوای هەڵبژاردنەکان. هیچ چانسێک نییە کە پارتی داد و گەشەپێدانی دەسەڵاتدار لەم خاڵەدا گرنگی بە پرسی پەکەکە یان پرسی کوردەکانی تورکیا بدات. ئەردۆغان و پارتەکەی لەگەڵ ناسیۆنالیستە توندڕەوەکان هاوپەیمانییان هەیە و لە هەمووی گرنگتر پارتی داد و گەشەپێدانی تورکیا نەیتوانیوە هیچ پێشکەوتنێک لە ناوچە کوردنشینەکانی تورکیا و پەرەپێدانی دیموکراسی لەم وڵاتەدا بەدەست بهێنێت.

دکتۆر کریستوفر هوستۆن سەبارەت بە دەنگی کوردەکان لەم هەڵبژاردنەدا، ئاماژەی بە یەکگرتوو نەبوونی کوردەکان دا لە پاڵپشتی کردنی بزووتنەوە سیاسییەکانی تورکیا و زیادی کرد: لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە ئایا کورد لە پشتیوانی کردنی ئۆپۆزسیۆن سوودمەندە یان نا، پێویستە بگوترێ کە کوردەکانی تورکیا لە ڕووی سیاسییەوە یەکسان نین. بۆ نموونە بەشێک لە کوردە عەلەویەکانی تورکیا دەنگ بە پارتی کۆماریخوازی گەلی تورکیا دەدەن.

ناوبراو لە کۆتاییدا سەبارەت بە دابەشبوونی دەنگی کورد لە نێوان ڕەوتە سیاسییە جیاوازەکانی تورکیا لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا وتی: بەڵام ژمارەیەک زۆر لە کوردانی دیکە کە لەبارەی مێژووی ئەم وڵاتە هەستیارن بە هیچ شێوەیەک دەنگ بەم پارتە کەمالیستییە نادەن. هەروەها زۆرێک لە کوردەکان ئەگەر بتوانن بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا بکەن، دەنگ بە پارتی دیموکراتی گەلی کورد، یان هەدەپە دەدەن. بەشێک لەو پارتانەی کە لە مێزی شەش قۆڵیی ئۆپۆزیسیۆنی تورکیادا ئامادەن، دوژمنی سەرسەختی خۆبەڕێوەبەریی کورد لە تورکیا و لامەرکەزییەت و دروست کردنی ژینگەیەکی فرە کولتوری لەم وڵاتەن. کەواتە بۆچی کورد بیەوێت دەنگ بەو حزبانە بدات؟ بەداخەوە ڕەنگە لەم قۆناغەشدا وەک قۆناغەکانی ڕابردووی هەڵبژاردن لە تورکیا جگە لە پارتی دیموکراتیکی گەلان بژاردەیەکی باشتر بۆ کوردەکان لەبەردەست نەبێت.

News Code 221236

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha