شەوی ڕابردوو تورکیا سێ گوندی هەرێمی کوردستانی بۆردوومان کرد

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- شەوی ڕابردووە تورکیا سێ گوندی هەرێمی کوردستانی بۆردوومان کرد و پێکدادانی سەخت لەنێوان سەربازانی تورکیا و هێزەکانی پەکەکە بۆ ماوەی 5 کاتژمێر بەدەوام بوو.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، تەلەڤزیۆنی ڕووداو بڵاوی کردەوە ئەمشەو گوندەکانی شلینێ، شیدنێ و سووریا سەر بە ناحیەی باتیفا لە زاخۆ لەلایەن سوپای تورکیاوە بە بیانووی بوونی گەریلاکانی پەکەکە بۆردوومان کران، شەڕ و پێکدادانیش لەنێوان هێزەکانی تورکیا و گەریلاکانی پەکەکە بەردەوامە.

دانیشتوویێکی گوندی دێمکا بە رووداوی راگەیاندووە لەڕێگەی سێ هێلیکۆپتەرەوە سوپای تورکیا بۆردوومانی چەکدارانی پەکەکەی دەستپێکرد، ماوەی 45 خولەکە شەڕ بەردەوامە.

بە گوتەی شایەتحاڵەکە، ترس و دڵەڕاوکێ لە ناوچەکە دروست بووە، ئاگر لە سنووری گوندەکانی شلینێ و شیدنێ کەوتووەتەوە و نەتوانراوە کۆنترۆڵ بکرێت، چوونکە تیمەکانی بەرگریی شارستانی ناتوانن بگەنە شوێنی ئاگرکەوتنەوەکە.

شەڕ و پێکدادانی ئێوارەی ئەمرۆی گەریلاکانی پەکەکە و سوپای تورکیا لە گوندی شیدن نزیکەی پێنج کاژێری خایاند، تاوەکوو ئێستا هیچ لایەکیان قەبارەی زیانە ماددی و گیانییەکانیان بڵاو نەکردووتەوە.

عارف مه‌عروف، موختاری گوندی گڕێبیێ رایگه‌یاندووە، "دوای دوو هێرشی په‌که‌که‌ له‌ گوندی شیدن بۆ سه‌ر خاڵه‌که‌ کالگهۆرێ له‌ گوندی گڕێبی، سوپای تورکیا له‌ رێگه‌ی سێ فرۆکه‌وه‌ له‌ کاژێر 2:30 تاوه‌کوو 7:30 هێرشی کردە سەر گه‌ریلاکانی په‌که‌کە".

لەلایەکی دیکەوە دوو رۆژە خەڵکی گوندی ئۆرە لە کانی ماسێ گیریان خواردووە و ناتوانن بگەڕێنەوە ماڵەکانیان، خەڵکێکی گوندی ئۆرەیە دەڵێت: شەش ماڵ لە گوندەکە دەژین و دوو رۆژە بەھۆی چڕیی بۆردوومانەکانی تورکیا ناتوانن لە گوندەکە دەربچن.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 2130

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha