نامەی هۆشداریی 7 پەرلەمانتاری کورد لەبارەی بەکارهێنانی دامەزراوە ئەمنییەکانی هەرێم لە بەرژەوەندیی حیزبی و شەخسی

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- 7 پەرلەمانتاری کورد نامەیێکی کراوەیان بۆ سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق و یوئێن و ئاسایشی نیشتمانیی عێراق نووسیوە و هۆشداریی ئەوەیان داوە کە لەبەر کۆمەڵێک ململانێی حیزبی و شەخسی دەزگای هەواڵگری و ئەمنیی هەرێمی کوردستان لە بەرژەوەندییە حیزبی و شەخسییەکان بەکار دەهێنرێت.

کوردپرێس:

حه‌وت په‌رله‌مانتاری كورد له‌ په‌رله‌مانی عێراق له‌ یاداشتێكدا بۆ سێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی عێراق و نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان و ئاسایشی نیشتیمانیی عێراق هۆشداری ده‌ده‌ن و رایده‌گه‌یه‌نن، "دەمانەوێت لە پێشهاتێکی ترسناک لە هەرێمی کوردستان ئاگادارتان بکەینەوە ئەویش بەکارهێنانی دامەزراوە ئەمنی و هەواڵگرییەکانی هەرێمی کوردستانە لە ململانێی حزبی و شەخسی بەمەبەستی سەرکوتکردنی نارەزایەتیەکان و دەنگە رەخنەگرەکان و تۆمەتبارکردنی لایەنێکی عێراقی بە هەوڵی تیرۆرستی".

بەرێز دەوڵەتی سەرۆک وەزیران

بەرێزان سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەران

بەرێز سەرۆک کۆماری عێراقی فیدڕال

بەرێز راوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی عێراق

بەرێز نێردەی تایبەتی سکرتێری نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق

سڵاو و رێز،

ئێمە وەک ژمارەیێک ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کە نوێنەرایەتیی پارێزگا جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان ئەکەین دەمانەوێت لە پێشهاتێکی ترسناک لە هەرێمی کوردستان ئاگادارتان بکەینەوە ئەویش بەکارهێنانی دامەزراوە ئەمنی و هەواڵگرییەکانی هەرێمی کوردستانە لە ململانێی حزبی و شەخسی بە مەبەستی سەرکوتکردنی نارەزایەتییەکان و دەنگە رەخنەگرەکان و تۆمەتبارکردنی لایەنێکی عێراقی بە هەوڵی تیرۆرستی.

دوێنێ لەژێر فشاری ئەندامانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجومەنی ئاسایش بەیاننامەیەک بەناوی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم بڵاوکرایەوە کە گوایە دوو هەوڵی تیرۆستی و تێکدەرانە پوچەڵکراوەتەوە و دەستی تۆمەت بۆ چەند لایەنێکی جیاواز درێژکراوە، لەوانە ژمارەیەک چالاکوان و کەسانی رەخنەگر کە لە ئێستادا لە دەرەوەی وڵات ئەژین. هەروەها بەیاننامەکەی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان بێ هیچ خستنەروی بەڵگەیەک باس لە تێوەگلانی لایەنی عێراقی دەکات لە هەوڵێکی تیرۆرستی لە هەولێر و دهۆک، ئەمەش بۆتە هۆی بلاوکرنەوە ترس و دڵەڕاوکێ لە ناو هاوڵاتیان.

دەمانەوێ سەرنجتان بۆ ئەوەش رابکێشین کە ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان ساڵی (۲٠۱۱) بە یاسای ژمارە (٤) ی پەرلەمانی کوردستان دامەزراوە و پێنج ئەندامی هەیە کە یەکێکیان راوێژکارە و سەرۆکایەتیی ئەنجومەنەکە دەکات و سەر بە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانە، بەڵام ماوەی ساڵێک زیاترە ئەم ئەنجومەنە بێ راوێژکارە ئەویش بەهۆی ملاملانێی نێوخۆی پارتی دیموکراتی کوردستان لە نێوان سەرۆکی هەرێم نێچیرڤان بارزانی و سەرۆکی حکوومەت مەسروور بارزانی.

دوای بەدوای بەیانەکەی دوێنێ، سێ ئەندامی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم کە بریتین لە بەرپرسانی دەزگای زانیاری، بەرێوەبەری گشتی ئاسایشی هەرێم و بەرپرسی هەواڵگری پێشمەرگە بەناوی ئەنجومەنی ئاسایش بەیانێکی تر دەرئەکەن و ئاماژە بەوە کراوە کە بەیاننامەکەی دوێنێ ۲٦ ی ئۆکتۆبەری ۲٠۲٠ بێ ئاگاداری ئەوان دەرکراوە و بەهێچ شێوەیێک ئەوان ئاگادار نین و بوونی هەوڵی تیرۆرستییش لە کوردستان رەت دەکەنەوە.

بۆیە ئێمە لە سۆنگەی هەست کردنمان بە بەرپرسیاری بەرامبەر هاووڵاتییانمان لە هەرێمی کوردستان وە بۆ رێگریکردن لە نانەوەی ئاژاوە و توندوتیژی بۆ جێبەجێکردنی ئەجێندای حزبی داواتان لێدەکەین ڕێگربن لەبەکارهێنانی دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییەکانی کوردستان لەلایەن حزبەکانەوە بۆ مەبەستی ململانێی ناوخۆیی و سەرکوتکردنی دەنگە نارازییەکان، هەروەها داوای پێکهێنانی لیژنەیێکی لێکۆڵینەوە دەکەین بۆ دەرخستنی راستییەکان.

لەگەڵ رێزی،

۱.یوسف محمد صادق

۲.غالب محمد عەلی

۳.یوسرا رەجەب کمر

٤.هۆشیار عەبدوڵا

٥.ئەحمەد حاجی رەشید

٦.رێبوار کەریم مەحمود

۷.سەرکەوت شەمسەدین

News Code 210623

Your Comment

You are replying to: .
captcha