وەزیری دەرەوەی تورکیا بە سەردانێک گەیشتە سعوودیە

بەشی تورکیا- وەزیری دەرەوەی تورکیا بەمەبەستی ئەنجامدانی گفتوگۆ بە سەردانێک گەیشتە سعوودیە.

بەپێی هەوراڵی کوردپرێس، ئاژانسی فرانس پرێس بڵاوی کردەوە مەولوود چاوشئۆغلو، وەزیری دەرەوەی تورکیا بەمەبەستی ئەنجامدانی گفتوگۆ بە سەردانێک گەیشتوەتە سعوودیە، ئەو سەردانەش لەکاتێکدا دێت تورکیا هەوڵ دەدات ڕکابەرییەکانی لەگەڵ هەریەک لە سعوودیە و میسردا هێور بکاتەوە.

مەولوود چاوشئۆغلو لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر بڵاوی کردەوە، "ئێمە لە سعوودیەین بە ئامانجی ئەوەی کە پەیوەندییە دووقۆڵیەکانمان تاوتوێ بکەین و بابەتی نیگەرانی ناوچەکەمان تاوتوێ بکەین، لەسەرو هەموشیانەوە دوژمنکارییەکانی سەر ئۆرشەلیم و ڕاوەدونانی گەلی فەڵەستینی".

شایانی باسە لە دوای کوژرانی جەمال خاشقچییەوە پەیوەندییەکانی نێوان سعوودیە و تورکیا بەشێوێکی بەرچاو تێکچوون، لەوکاتەدا ڕەجەب تەیب ئەردۆگان، سەرۆک کۆماری تورکیا رایگەیاند، "فەرمانی کوشتنی خاشقچی لە بەرپرسانی باڵای سعودیەوە دەرچووە"، کە ئەو ڕۆژنامەنووسە لە ڕۆژنامەی واشنتن پۆستدا چەند بابەتێکی ڕەخنەیی لە حکوومەتی سعوودیە بڵاو کردوەتەوە.

تورکیا دەیەوێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ سعوودییەدا باش بکاتەوە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی وەکوو هاوبەشێکی بازرگانی گرنگ سەیری دەکات، بۆ ئەو مەبەستەش ئەردۆگان ڕۆژی سێشەممە بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ شا سەلمان کرد، بەڵام وردەکاریی ئەو پەیوەندیە بڵاو نەکرایەوە.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 1968

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha