وردەکاریی ڕێکەوتنی ئیدارەی خۆسەر و کۆمپانیایێکی نەوتیی ئەمەریکی

بەشی جیهان- سی ئێن ئێن لە بارەی ڕێکەوتنی نەوتیی نێوان کوردەکانی سووریا و کۆمپانیایێکی ئەمریکی دەنووسێت: ئەم گرێبەستە پاش یەک ساڵ دانوستان، مانگی ڕابردوو واژۆی لەسەر کرا و بە میلیاران دۆلار دەستی کوردانی سووریا دەکەوێت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا ، ئیدارەی دۆناڵد ترامپی سەرۆکی ئەمەریکا رەزامەندیی پیشاندا لەسەر یەکەم گرێبەستی نێوان کۆمپانیایێکی نەوتیی ئەمەریکی و ئیدارەی خۆسەر لە کوردستانی سووریا، بەپێی ئەوە کەرتی نەوتی ناوچەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا، کە لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سووریای دیموکراتە نۆژەن دەکرێتەوە و ژێرخانی ئابووری ناوچەکەش دەبووژێنرێتەوە.

لەمبارەوە چەند سەرچاوەیێکی ئاگادار بە تۆڕی "CNN"ی ئەمەریکییان راگەیاندووە، پێشبینی دەکرێت گرێبەستە نهێنییەکە، کە ماوەی زیاتر لە ساڵێکە دانووستانی لەسەر دەکرێت و مانگی رابردوو واژو کرا، ملیاران دۆلار بۆ ئیدارەی کوردی لە ناوچەکە دابین بکات، بێئەوەی داهاتە بەدەستهاتووەکە لەگەڵ ڕژێمی دیمەشق دابەش بکرێت.

گرێبەستەکە لەگەڵ ئامانجی ترامپدا یەکدەگرێتەوە، کە خۆی لە کۆنترۆڵ کردنی کێڵگە نەوتییەکانی ناوچەکە لەلایەن ئەمەریکادا دەبینێتەوە، بەوپێیەش کۆمپانیای بەناوبانگی ئەمەریکی "دەلتا کریسنت ئینێرجی" بوارێکی فراوانی دەبێت پەرە بەنیوەی کێڵگە نەوتییەکانی سووریا بدات کە لەژێر کۆنترۆڵی هەسەدەدایە.

جەیمس کین، یەکێک لە دامەزرێنەرانی کۆمپانیاکە و باڵیۆزی پێشووی ئەمەریکا لە دانیمارک دەڵێت: ڕێگەمانپێدراوە لەپێناوی پەرەپێدانی ژێرخانی ناوچەکە و یارمەتیدانی خەڵکی ناوچەکە بۆ ئەوەی بەرهەمەکانیان بچێتە بازارە جیهانییەکانەوە، لەهەموو بوارەکانی پەرەپێدانی وزە و بەبازارکردن و پاڵاوتن و دۆزینەوەی نەوت، کار لە کەرتی نەوتی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریادا بکەین.

هەروەک هەردوو هاوبەشەکەی تری کۆمپانیا نەوتییە ئەمەریکییەکە بریتین لەجەیمس ریس، ئەفسەری خانەنشین لەهێزی سەربازیی "دەلتا"ی ئەمەریکی، کە پێشتر خاوەنی کۆمپانیایێکی ئەمنیی تایبەت بووە، لەگەڵ جۆن دۆریر، کە بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیاکەیە و بەهۆی ساڵانێکی زۆری کارکردنی لە رۆژهەڵاتی ناوەراست خاوەن شارەزاییێکی زۆرە.

ئەو سەرچاوانە باسیان لەوە کردووە، کە ئەو سێ کەسە کۆمپانیایێکی نوێیان درووست کردووە، تەنیا لەپێناو ئەوەی ئەو گرێبەستەی کوردستانی سووریایان بۆ دەربچێت، بۆ ئەوەش لەماوەی ساڵی رابردوودا بەشێوەیێکی چروپڕ لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لەهەوڵدابوون.

باس لەوەش کراوە، کە کۆمپانیاکە لەمانگی نیساندا مۆڵەتی لە وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا پێدراوە و لەو سزایانە بەخشراوە، کە بەپێی یاسای قەیسەر بەسەر حکوومەتی سووریادا سەپێنراون.

هەرچەندە وەزارەتی دەرەوە و بەرگری (پنتاگۆن) هەوڵیانداوە بەفەرمی خۆیان لەپرۆژەکە بەدوور بگرن، بەڵام سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لەپشتی پەردەوە لەسەرکەوتنی پرۆژەکەدا رۆڵێکی کارای هەبووە.

هەفتەی رابردووش، مایک پۆمپیۆی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لەبەردەم لیژنەی پەویوەندییە دەرەکییەکانی کۆنگرێس و لەوەڵامی پرسیارێکی لیندسی گراهامی گەورە سیناتۆری کۆمارییەکان گرێبەستەکەی پشتراست کردەوە و رایگەیاند، کە سەرکەوتنی پرۆژەکە ماوەیێکی زۆری ویستووە و ئێستاش گەیشتوونەتە قۆناغی جێبەجێ کردن.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 189646

Your Comment

You are replying to: .
captcha