بە بێ بەشداریی پێشمەرگەی ڕۆژ، ڕێککەوتن مانای نیە

بەشی سووریا- ئەندامێکی ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردی سووریا (ENKS) لە لێدوانێکدا وتوویەتی هەر ڕێککەوتنێک کە چارەنووسی پێشمەرگەی ڕۆژی ڕەچاو نەکردبێت سەرناگرێت.

کوردپرێس:

تارق خێرەکی جێگری سەرۆکی شەپێلا ئازادیا کوردستانی (ŞAK) لە سووریا بە کوردپرێسی وتووە قۆناغی دووهەمی دانووستانی نێوان ئەنەکەسە و حیزبەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کورد (PYNK) دەستی پێکردووە و چەند تەوەری گرینگ وەک ئیدارەی ناوچەکە و هێزە سەربازییەکان و دۆخی ئابووری لە خۆ دەگرێت.

جێگری سەرۆکی شەپێلا ئازادیا کوردستانی (ŞAK) لە سووریا سەبارەت بە پێشمەرگەی ڕۆژ کە سەر بە ئەنەکەسەیە بە کوردپرێسی وتووە هێزی پێشمەرگەی ڕۆژ هێزێکی سەر بە هاووڵاتییانە و خەڵکی کوردستانی سووریا پشتگیریی لێدەکەن و بوونی ئەو هێزانە بۆ هاووڵاتییان شتێکی زەروورییە.

تارق خێرەکی ئاشکراشی کرد: هەر دانوستانێک کە دەست پێبکات و مەسەلەی پێشمەرگەی ڕۆژ یەک لە تەوەرە گرینگەکانی نەبێت ئەو دانوستانە ئەنجامی نابێت و هەر ڕێککەوتنێکیش کە مەسەلەی پێشمەرگەی ڕۆژی تێدا ڕەچاو نەکرابێت سەر ناگرێت.

ناوبراو ئەوەشی زیاد کرد کە ئەوان وەک ڕەوتی ئازادیی کوردستانی لە سووریا لە پێناو بەرژەوەندیی نیشتمانیی کوردەکان پشتگیریی دیالۆگی کوردی-کوردی لە سووریا دەکەن.

تارق خێرەکی لە کۆتاییدا گوتیشی: خۆرهەڵاتی ناوەڕاست ئێستا گۆڕانێکی ڕیشەیی ئەزموون دەکات و کوردیش بەشێکە لەو گۆڕانکارییانە و پێویستە خۆی بۆ ئەو گۆڕانە ئامادە بکات. بۆیە پێویشتە لایەنە کوردییەکان لە سەر پڕۆژە و بەرژەوەندیی هاوبەش بگەنە ڕێککەوتن و پێشوازی لە گۆڕانکارییەکان بکەن.

News Code 189590

Your Comment

You are replying to: .
captcha