ڕێگە بە تورکیا نادرێت جارێکی تر هێرش بکاتە سەر کوردستانی سووریا/ بە قازانجی ئەمریکا و ڕووسیا نیە کە تورکیا هێرش بکاتەوە سەر باکووری سووریا

بەشی سووریا- سەرۆکی پارتی یەکێتیی لیبراڵی کوردستانی سووریا لە لێدوانێکدا بە کوردپرێسی وتووە دەسەڵاتە جیهانییەکان ڕێگە نادەن تورکیا جارێکی تر هێرش بکاتەوە سەر باکووری سووریا.

کوردپرێس:

فەرهاد تەلۆ سەرۆکی پارتی یەکێتیی لیبراڵی کوردستانی سووریا لە لێدوانێکدا بۆ کوردپرێس ئاماژەی بە جووڵەی سەربازیی تورکیا لە سنوورەکانی سووریا کردووە و دەڵێت: جووڵە سەربازییەکانی تورکیا هەرگیز کۆتایی نایەت بەتایبەت لەم کاتەدا کە دانووستانەکان بۆ یەکگرتنی کوردی سووریا دەستی پێکردووە.

ناوبراو گوتیشی تورکیا لەوە تووڕەیە کە کورد دانووستان بۆ یەکگرتن دەکات و پاش دانیشتنەکەی ئەم دوایییەی ئەستانە بینیمان کە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشی کردە سەر گوندەکانی دەوروبەری منبەج و بارەگا هاوبەشەکانی هێزە کوردییەکان و ڕووسییەکان لە دەوربەری "دربسیە".

فەرهاد تەلۆ زیادیشی کرد: مەترسیی هێرشی تورکیا بۆ سەر کوردستانی سووریا لە ئارادایە بەڵام هێزە سەربازییەکانی ئێمە ئامادەی ڕووبەڕووبوونەوەن. چ لە باری مەشقی سەربازییە و چ لە باری ئامادەکارییەکان وەک کەندنی خەندەق و شتی تر خۆیان بۆ شەڕ ئامادە دەکەن.

سەرۆکی پارتی یەکێتیی لیبراڵی کوردستانی سووریا ئاشکراشی کرد: چیتر هێرشی تورکیا بۆ سەر باکووری سووریا لە بەرژەوەندیی ئەمریکا و ڕووسیا نیە و تەنها ئەوەیە کە کێشە و قەیرانەکانی سووریا دووقات دەکات بۆیە ئەوانیش هاودەنگ نین لەگەڵ هێرش کردنی تورکیا.

فەرهاد تەلۆ ئەوەشی گوتووە کە جیهان ڕێگە نادات هێرشێکی دیکەی تورکیا بۆ سەر باکووری سووریا ڕوو بدات و یەکگرتنی کوردیش ڕێگری دەکات لە هێرش کردنی دوبارەی تورکیا. تورکیا ئەمڕۆکە خۆی گلاندووە لە موناقەشە و گێچەڵی لیبی و ئازەربایجان و ئەرمەنستانەوە و هەر ئەوەش وای کردووە کۆمەڵگەی جیهانی بە هەستیارییەوە مامەڵە لەگەڵ تورکیا بکەن.

News Code 189514

Your Comment

You are replying to: .
captcha