فەرەنسا بانگهێشتی مەسروور بارزانی دەکات بۆ سەردانی پاریس

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- بەپێی راگەیێندراوێکی ئەنجوومەنی وەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا بەناوی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، بانگهێشتی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ پاریس کردووە.

کوردپرێس:

ڕۆژی هەینی 17ی تەممووزی 2020 مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە ژان ئێڤ لۆدریان، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا کرد. بەپێی راگەیێندراوی ئەنجوومەنی وەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا رایگەیاندووە "هاتووم بۆئەوەی پشتگیریی وڵاتەکەم بۆ هەرێمی کوردستان دووپات بکەمەوە، بەتایبەتی لەم رۆژە سەختانەدا".

ژان ئێڤ لۆدریان ئاماژەی بەوەش کردووە، فەرەنسا ئامادەیە بۆ یارمەتیدانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەو رووەوە پسپۆڕانی فەرەنسی ئامادەن بۆ هاوکاریکردنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بواری کشتوکاڵی و تێپەڕاندنی قەیرانی ئابووری؛ هاوکات بەناوی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنساوە بانگهێشتی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ سەردانی پاریس لە دەرفەتێکی گونجاودا.

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سوپاسی رۆڵی مێژوویی فەرەنسای کردووە لە پشتگیریکردنی گەلی کوردستاندا و تیشکی خستووەتەسەر دەرەنجامی گفتوگۆکان لەگەڵ حکوومەتی عێراق و هەوڵەکانی چارەسەرکردنی کێشەکان و رایگەیاندووە "داوای هیچ شتێکمان نەکردووە پێچەوانەی دەستووری عێراق بێت و هەر شتێکیش رەتدەکەینەوە کە کەمتر بێت لە مافە دەستوورییەکانمان".

بەپێی راگەیێندراوەکە، مەسروور بارزانی ئاماژەی بەوەش داوە کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و بەتایبەتی فەرەنسا دەتوانێت رۆڵی ئەرێنیی خۆی لە یەکنزیککردنەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی بگێڕێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەسەر بنەمای دەستوور.

دەقی راگەیێندراوی حکوومەت لەبارەی نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکە:

*سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە وەزیری دەرەوەی فەرەنسا دەکات*.

• وەزیری دەرەوەی فەرنسا سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بانگهێشتی فەرەنسا دەکات.

• سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان : داوای هیچ شتێکمان نەکردووە پێچەوانەی دەستووری عێراق بێت و هەر بژاردەیەکیش ڕەت دەکەینەوە لە دەرەوەی چوارچێوەی دەستوور بێت.

ئەمڕۆ هەینی 2020/7/17 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە ژان ئیڤ لۆدریان وەزیری دەرەوەی فەرەنسا کرد.

لە دیدارەکەدا کە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکوومەت ئامادەی بوو، بارودۆخی عێراق و ناوچەکە و پەرەپێدانی پەیوەندییە مێژووییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و فەرەنسا تاووتوێ کران.

وەزیری دەرەوەی فەرەنسا ڕایگەیاند، هاتووم بۆ ئەوەی پشتگیریی وڵاتەکەم بۆ هەرێمی کوردستان دووپات بکەمەوە بەتایبەتی لەم ڕۆژە سەختانەدا .گوتیشی فەرەنسا ئامادەیە بۆ یارمەتیدانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەمڕووەوە پسپۆڕانی فەرەنسی ئامادەن بۆ هاوکاریکردنی حکوومەتی هەرێم لە بواری کشتوکاڵی و تێپەڕاندنی قەیرانی ئابووی . وەزیری دەرەوەی فەرەنسا هەروەها بانگهێشتی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کرد بۆ سەردانی فەرەنسا لە دەرفەتێکی گونجاودا بۆ دیداری سەرۆک ئیمانوێل ماکڕۆن.

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سوپاسی ڕۆڵی مێژوویی فەرەنسای کرد لە پشتگیریکردنی گەلی کوردستاندا . پاشان سەرۆک و جێگری سەرۆکی حکوومەت تیشکیان خستە سەر دەرەنجامی گفتوگۆکان لە گەل حکوومەتی فیدراڵی و هەوڵەکانی چارەسەرکردنی کێشەکان.

سەرۆکی حکوومەت ئاماژەی بەوەدا کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و بەتایبەتی فەرەنسا دەتوانێ رۆڵی ئەرێنی خۆی لە یەکنزیکردنەوەی حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی فیدراڵی بگێرێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لە سەر بنەمای دەستوور. گوتیشی ئێمە داوای هیچ شتێکمان نەکردووە پێچەوانەی دەستووری عێراق بێت و هەر بژاردەیەکیش ڕەت دەکەینەوە کە لە دەرەوەی چوارچێوەی دەستوور بێت.

News ID 189374

Your Comment

You are replying to: .
captcha