ڕووسیا هەوڵ دەدات نفووزی خۆی لە کەرتی نەوتی عێراق و هەرێمی کوردستان بچەسپێنێت

بەشی جیهان- گۆڤاری ئۆیل پرایز لە ڕاپۆرتێکدا نووسیویەتی ڕووسیا پاش ئەوەی لە کەرتی نەوتی هەرێمی کوردستان نفووزی باشی کردووە ئێستا هەوڵ دەدات بە هێز و توانایێکی زیاترەوە نفووز بکاتە پیشەی نەوتی عێراق بە گشتی.

کوردپرێس:

گۆڤاری ئۆیل پرایز لە ڕاپۆرتێکدا باسی هەوڵەکانی ڕووسیای کردووە بۆ نفووز کردن لە پیشەی نەوتی عێراق و نووسیویەتی: کۆمپانیای ڕووسیی ڕۆسنەفت بە گرێبەستەکەی ئەکتەوبری 2017 بە تەواوی کەرتی نەوت و گازی هەرێمی کوردستانی خستۆتە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیەوە.

هەر بە گوێرەی ڕاپۆرتەکەی ئەو گۆڤارە ئێستاش دەوڵەتی ڕووسیا مەبەستیەتی چەند گرێبەستیش لەگەڵ دەوڵەتی ناوەندیی عێراق واژۆ بکات بۆ کارکردن لە سەر کێڵگە نەوتییەکانی باشووری ئەو وڵاتە بۆ ئەوەی بە توانا و دەسەڵاتی زیاترەوە لەو کێڵگە نەوتییانە و لە پیشە نەوتی عێراق بە گشتی ئامادەبوونی خۆی بچەسپێنێت.

ڕاپۆرتەکەی گۆڤاری ئۆیل پرایز باسی ئەوەشی کردووە کە ڕووسیا مەبەستیەتی بە نفووزی زیاتر لە کەرتی نەوتی عێراق و هەرێمی کوردستان دەوری ناوەندگیریش بگێڕێت لە نێوان هەولێر و بەغدا.

ئەو ڕاپۆرتە ئاماژەی بە لێدوانەکەی ماکسیم ماکسیمۆڤ باڵوێزی ڕووسیا لە عێراق کردووە کە وتبووی ڕووسیا مەبەستیەتی سەرمایەی زیاتر لە کەرتی نەوتی عێراقدا دابنێت.

گۆڤاری ئۆیل پرایز ئاماژەی بەوەش کردووە کە دوو کۆمپانیای زەبەلاحی ڕووسی و کۆمپانیاکانی سەر بە ڕۆسنەفت مەبەستیانە بە ڕێژەی 20 ملیار دۆلار سەرمایە لە عێراق تەراخان بکەن بۆ مەلەفی نەوت و گاز.

شایانی باسە کۆمپانیای ڕۆسنەفتی ڕووسی بە پێی گرێبەستی ساڵی 2017 کە لەگەڵ هەرێمی کوردستان واژۆی کردووە بە ڕێژەی 4 ملیار دۆلار سەرمایەی لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان داناوە و جگە لەوەش دوو کۆمپانیای دیکەی ڕووسیا لە هەرێمی کوردستان کاری نەوت و کاز دەکەن.

News Code 178878

Your Comment

You are replying to: .
captcha