حیزبی چەپی دیموکرات بەشداریی ئەو حیزبە یەکگرتووەی نەکردووە کە تازە دامەزراوە/ حیزبی چەپی دیموکرات بەشێکە لە ENKSE

بەشی سووریا- سەرۆکی حیزبی چەپی دیموکراتی سووریا لە لێدوانێکدا بە کوردپرێسی وتووە بەشداریی ئەو حیزبە یەکگرتووەیان نەکردووە کە بە بەشداریی 25 حیزب پێکهاتووە و دەشڵێت بەشداربووانی حیزبەکە ئەو دۆستانەن کە پێشتر لە ئەنەکەسە دابڕاون و بەهەمان ناونیشانەوە بەشداریی کۆما جڤاتێن دیموکرات (TEVDEM)یان کردووە.

کوردپرێس:

شەڵاڵ گەدۆ سەرۆکی پارتی چەپی دیموکراتی کوردستانی سووریا لە لێدوانێکدا بۆ کوردپرێس ئاماژەی بە دۆخی ئەو حیزبە لە نێو ڕەوتە سیاسییەکانی کوردستانی سووریا کردووە و دەڵێت: ئێمە بەشێکین لە ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردی سووریا (ENKESE) بەردەوامیش دەبین لە چالاکییەکانمان لە چوارچێوەی ئەو حیزبەدا.

ناوبراو زیادی کرد: من وەکوو سەرۆکی حیزبی چەپی دیموکراتی کورد لە ساڵی 2013وە و لەو کاتەوە ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردی سووریا پێوەندیی بە هاوپەیمانییەوە کردووە یەک لە نوێنەرانی ئەنەکەسە لە ئوپۆزسیۆن بووم.

شەڵاڵ گەدۆ ئەوەشی بە کوردپرێس وتووە کە حیزبی چەپی دیموکرات یەکێکە لە دامەزرێنەرانی ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد و بەردەوامیش دەبین لە کارەکانمان لە هەمان چوارچێوەی حیزبی ئەنەکەسە.

ناوبراو وڵامی ئەو پرسیارەی کوردپرێسیشی دایەوە کە چۆنە ناوی حیزبەکەی ئەوان لە نێو ئەو 25 حیزبەدا نییە کە حیزبی یەکگرتووی کوردیان دامەزراندووە. گەدۆ لە وەڵامدا وتوویەتی: ساڵی 2014 ژمارەیێک لە کەسایەتییە سیاسییەکان لە چەند حیزبی سەر بە ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردی سووریا دابڕان و بە هەمان ناوەوە پێوەندییان بە TEVDEM کرد.

سەرۆکی پارتی چەپی دیموکراتی کوردستانی سووریا ئەوەشی ئاشکرا کرد کە چەند حیزبێک بە ناوی حیزبەکەی ئەوان و چەند حیزبی سەر بە ئەنەکەسەوە لە یەکگرتووی نیشتمانیی کورد بەشدارییان کردووە بەڵام ئەوانە پێوەندییان بە حیزبەکەی ئەوانەوە نیە.

News Code 178811

Your Comment

You are replying to: .
captcha