ئاگاداری دامەزرانی پارتەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کورد نین/ گفتوگۆکانمان لەگەڵ PYD ئیجابییە

بەشی سووریا- بەرپرسی پێوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردی سووریا (ENKSE) لە لێدوانێکدا بە کوردپرێسی وتووە هیچ زانیارییێکیان نیە لەبارەی ئەو یەکێتییەی بەناوی پارتەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردی سووریاوە دامەزراوە و لە 25 حیزبی کوردی سووری پێکهاتووە.

کوردپرێس:

ئیبراهیم برۆ بەرپرسی پێوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردی سووریا لە لێدوانێکدا بۆ کوردپرێس ئاماژەی بە هەواڵی کۆبوونەوەی حیزبە کوردییەکانی سووریا لە ژێر یەک چەتر بە ناوی پارتەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی سووریا کرد و ڕایگەیاند ئەنەکەسە هیچ زانیارییێکی نیە لەبارەی ئەو حیزبەوە کە تازە دامەزراوە.

ناوبراو ئاشکراشی کرد تا ئەم کاتەش هیچ ناوێک دانەنراوە بۆ شاندی هاوبەشی ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردی سووریا و پارتی یەکێتیی سووریای دیموکرات.

ئیبراهیم برۆ ئەوەشی بە هەواڵنێری کوردپرێس وتووە کە دوو لایەنی سەرەکی لە دانووستانەکاندا هەن یەکەمیان ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردی سووریا (ENKSE) و ئەوی دیکەش پارتی یەکێتیی سووریای دیموکرات (PYD). ئەساسی گفتوگۆکانیش ئیجابییە و جێی ڕەزامەندییە.

بەرپرسی پێوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردی سووریا زیادیشی کرد گفتوگۆکان لەگەڵ پەیەدە بە نێوەندگیریی ئەمریکا بەردەوامە و لە سەر چەند خاڵێکیش گەیشتوونەتە ڕێککەوتن.

ناوبراو لە کۆتاییدا ئاشکراشی کرد کە لە ڕێککەوتنەکەیاندا باسی ئەوە کراوە کە هەموو کێشەکانی هەردوولا لە ژێر ناوی شاندی ئەنجومەنی نیشتمانی و پارتی یەکێتیی سووریای دیموکرات چارەسەر بکرێت.

News ID 178805

Your Comment

You are replying to: .
captcha