بەپێی هەواڵی کوردپرێس، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە نامەکەدا داوا دەکات نێردەی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق دەسەڵاتی زیاتری پێبدرێت و ڕۆڵی زیاتری هەبێت لە نێوەندگیریی نێوان حکوومەتی فیدراڵیی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، بە تایبەتی جێبەجێ کردنی ماددەی 140ى دەستوور و کێشەی نەوت و دابەش کردنی داھات.
هەروەها پشتگیری لە داواکارییەکەی حکوومەتی فیدراڵیى عێراق لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەکات بۆ زیاتر کردنی ڕۆڵی نەتەوە یەکگرتووەکان لە چاودێری کردنی هەڵبژاردنەکان لە عێراق و دڵنیابوون لەوەی کە هەڵبژاردنەکانی مانگی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ بە باشی و دوور لە پێشێلکاری بەڕێوە بچێت.
نێچیرڤان بارزانى هەروەها داوا دەکات لە دەقی پرۆژەبڕیاری نوێی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیدا دەربارەی عێراق، پشتگیریی فەرمیی ئەنجوومەنى ئاسایشى نێودەوڵەتى هەبێت بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ئەم دواییەی نێوان حکوومەتی فیدراڵیى عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەربارەی بودجە و دانوستاندن لەسەر تەواوى پرسە ھەڵپەسێردراوەکان.
سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە خاڵێکى دیکەى نامەکەیدا داوای هاوکاریی مرۆیی و پشتگیریی زیاتر دەکات بۆ ئاوارەکانی هەرێمی کوردستان و باشترکردنی ژیانیان لەنێو کامپەکاندا.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment