بەپێی هەواڵی کوردپرێس، بێهرووز بۆچانی، نووسەری ئاوارەی کورد کە پاش شەش ساڵ بەندکران لە دوورگەی مانۆس-ی ئۆسترالیا، ساڵی ڕابردوو ڤیزەی تووریستیی لەلایەن وڵاتی نیووزیلاندەوە وەرگرت، ئێستا دۆخی پەنابەرێتیی ناوبراو هێشتا ڕوون نییە.
ڕادیۆ سەرانسەریی نیووزیلاند ئەمڕۆ لەزاری بەرپرسانی حزبی نیشتمانیی ئەو وڵاتەوە لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند حکوومەت دەبێت ڕوونکردنەوە بدات لەبارەی دۆخی ناڕوونی بێهرووز بۆچانی-ەوە.
بێهرووز بۆچانی کە بە بڵاوکردنەوەی کتێبی "هیچ هاوڕێیێک جگە لە چیاكان" ناوبانگی جیهانیی دەرکرد، ساڵی پێشوو بۆ بەشداری لە فێستیڤاڵێکی ئەدەبی-دا بانگهێشتی وڵاتی نیووزیلاند کرا و ئێستاش هەر لەو وڵاتەیە.
ڕادیۆ سەرانسەریی نیووزیلاند ئاشکرای کردووە کە ئەمەریکا مافی پەنابەرێتیی بە بۆچانی داوە. بەڵام وتراوە ناوبراو دەیهەوێت مافی پەنابەرێتی لە نیووزیلاند وەربگرێت.
جاسیندا ئاردن، سەرۆک وەزیرانی نیووزیلاند لەبارەی دۆخی بۆچانی بە ڕۆژنامەی موورنینگ پۆست-ی وتووە بەپێی یاسا ئەو ناتوانێت لەباەری دۆخی یاسایی یان داخوازیی تاکەکەسەکان ڕادەربرێت بەڵام بەشێوەی گشتی چاوەڕوان دەکرێت کە کەسانێک کە لە نیووزیلاند بەسەر دەبەن بەشێوەی یاسایی لەو وڵاتە دابنیشن، ئەگینا بەگوێرەی یاسای پەنابەرێتی لەگەڵیان مامەڵە دەکرێت.
ئستوارت ئسمیت، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پەنابەران دەڵێت بێهرووز بۆچانی بە ڤیزەی تووریستی هاتۆتە نیووزیلاند و لەو ڕێگایەشەوە بۆی نییە داوای مافی پەنابەرێتی بکات.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment