بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئارێز عەبدوڵا، ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی بە تەلەفیزیۆنی ئێن ئاڕ تی-ی ڕایگەیاند: "پارتی وا بیر دەکاتەوە کابینەی حکوومەت دەبێت خۆی بەڕێوەی ببات بە تەنھا و لایەنەکانی تر پشتگوێ بخات و پارتی رازی نییە ئێمە بچینە چیای قەرەچوغ ھەتا شەڕی داعش بکەین، چوونکە بە سنووری خۆی دەزانێت".
ناوبراو راشیگەیاند: "ھێشتا برینەکانی شەڕی ناوخۆ سارێژ نەبووە و خەڵک حەقی خۆیەتی نیگەران بێت لە گرژییەکانمان لەگەڵ پارتی، ململانێی پارتی و یەکێتی ئاساییە، بەڵام ئەوە جێگەی نیگەرانییە باس لە دوو ئیدارەیی بکرێت".
ئارێز عەبدوڵڵا ئاماژەى بەوەش کرد، گرژییەکانمان لەگەڵ پارتی لەسەر زینی وەرتێ نییە، بەڵکوو لەسەر چەندین پرسی ھەڵواسراوی ترە و تێناگەین بۆ پارتی ھەمیشە ئەو سەنگەرانە قایم دەکات کە لە شەڕی ناوخۆ بەرامبەر یەکێتی ھەیبوو." وتیشی، "پارتی دەڵێت جێگیرکردنی ھێز بۆ خۆپارێزی لە کۆرۆنایە، ئایا ئۆتۆمبێلی سەربازی حەقی چییە بەسەر کۆرۆناوە؟.
ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی باسی لەوەش کرد، "ناکرێت سەرۆکی حکوومەت بە ئەقڵیەتی حزبی بیر بکاتەوە و دەبێت دەوڵەتدارانە بیربکاتەوە و سەرۆکی ھەرێمی کوردستان دەبێت ھێز بجوڵێنێت نەک سەرۆکی حکوومەت."
ناوبراو ئەوەشی وت "دەبێت ئەوەمان لە بیربێت کە ئەردۆغان وتی کەرکووک و مووسڵ و ھەولێر دەبێت بگەڕێنەوە باوەشی تورکیا و زانیاریم ھەیە تورکیا بەرنامەی ھەیە ھەتا پشێووی لە زینی وەرتێ بنێتەوە بۆ کورد".
ئارێز عەبدوڵڵا ڕاشیگەیاند: "ھیچ قۆناغێک وەکوو ئەمڕۆ بۆ ھەرێمی کوردستان مەترسیدارتر نییە بارەگایێکی یەکێتیمان دانا لە مەسیف کەچی پارتی لایبرد و رێگەی نەدا و فەرمانبەرێک داوای گواستنەوەی راژەی کردبوو لە سۆران بۆیان جێبەجێ نەکرد ھەتا بوو بە پارتی ئینجا بۆیان کرد."
زیاتر لە ٢٠ ڕۆژە ململانێی سەربازی لە نێوان پارتی و یەکێتی و پەکەکە لەناوچەکەدا دروست بووە و هەر سێ حیزب بارەگای سەربازیان لەبەرامبەر یەکتری داناوە، پارتى و یەکێتى بە راگەیەندراوى جیاجیا لەبارەى ئەو هێزەوە هێرشیان کردووەتەسەر و وەڵامى یەکتریان داوەتەوە.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment