سه‌فین دزه‌یی: هه‌ولێر هه‌موو هه‌وڵێک ده‌خاته‌گه‌ڕ بۆ چوونه‌ده‌ره‌وه‌ی په‌که‌که‌ له‌ هه‌رێمی کوردستان

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- وته‌بێژی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌کات که‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی نێوان تورکیا و هه‌رێمی کوردستان زۆر زیاترن که‌ گرفت و ناکۆکی و خاڵی لاواز له‌ نێوان هه‌ر دوو لادا هه‌بێت و گوتی: حکوومه‌تی هه‌رێم هه‌موو هه‌وڵێک ده‌خاته‌گه‌ڕ بۆ چوونه‌ده‌ره‌وه‌ی په‌که‌که‌ له‌ هه‌رێم.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، سه‌فین دزه‌یی وته‌بێژی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان به‌ ئاژانسی ئه‌نادۆڵی ڕاگه‌یاندوووه‌: بوونی په‌که‌که‌ له‌ سنووری هه‌رێمی کوردستان له‌ سه‌رده‌می رژێمی به‌عسدا بوووه‌ و دوای ئه‌وه‌ی په‌که‌که‌ له‌ سووریا ده‌ستی به‌ کاره‌کانی کرد یه‌که‌م جار له‌ ساڵانی ١٩٨٠ له‌ سه‌رده‌می به‌عسدا له‌و ناوچانه‌ی ئێستا له‌ عیراق جێگر بوووه‌ و بوونی په‌که‌که‌ له‌ ناوچه‌کانی هه‌رێم هیچ کاتێک به‌ ڕه‌زامه‌ندیی خه‌ڵکی هه‌رێمی کوردستان نه‌بوووه.

ناوبراو ده‌شڵێت: حکوومه‌تی هه‌رێم هه‌موو هه‌وڵێک ده‌خاته‌گه‌ڕ بۆ "چوونه‌ده‌ره‌وه‌ی" په‌که‌که‌ له‌و ناوچانه‌.

سه‌فین دزه‌یی له‌باره‌ی په‌یوه‌ندییه‌کانی هه‌رێمی کوردستان له‌گه‌ڵ تورکیا گوتی: "په‌یوه‌ندییه‌کانی نێوان تورکیا و هه‌رێمی کوردستان په‌یوه‌ندییێکی پته‌و بوووه‌ و له‌ ساڵی ١٩٩١ ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌ به‌رده‌وام بوووه‌، دوای ڕووداوه‌کانی ساڵی ڕابردوو به‌ هۆی ئه‌و لێکتێنه‌گه‌یشتن و ئه‌و بارودۆخه‌ی که‌ دروست بوو لێکدوورکه‌وتنه‌وه‌یێک ڕووی دا، هه‌رچه‌نده‌ په‌یوه‌ندییه‌کانمان به‌ ته‌واوی نه‌پچڕا و خۆشبه‌ختانه‌ له ‌کاتی گرفته‌کانیش حکوومه‌تی تورکیا ده‌روازه‌ سنوورییه‌کانی دانه‌خست و بۆرییه‌کانی نه‌وتیشی نه‌گرته‌وه‌ و ئێمه‌ پێشوازی له‌و هه‌نگاوه‌ی حکوومه‌تی تورکیا ده‌که‌ین".

ناوبراو ئاماژه‌ی به‌وه‌ش کرد که‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی نێوان تورکیا و هه‌رێمی کوردستان زۆر زیاترن که‌ گرفت و ناکۆکی و خاڵی لاواز له‌ نێوان هه‌ر دوو لادا هه‌بێت و گوتی: "پێم وایه‌ ئه‌گه‌ر کێشه‌یێکیش له‌ نێوانماندا هه‌بووبێت به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانمان زۆر زیاترن له‌وه‌ی گرفت و ناکۆکی و خاڵی لاواز له‌ نێوانماندا هه‌بێت و هیوادارین له‌ داهاتوویێکی نزیکدا دیداری باش له‌ نێوان هه‌ر دوو لا ئه‌نجام بدرێت و هه‌ر دوو لا بتوانین هاوکار بین له‌گه‌ڵ یه‌کتر بۆ خزمه‌ت کردنی به‌رژه‌وه‌ندیی دوو لایه‌نه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای ڕێزگرتن له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی دوو لایه‌نه‌ و ئاسایش و سه‌قامگیری له ‌ناوچه‌".

ماوه‌ی چه‌ند مانگێکه‌ تۆپخانه‌ و هێزه‌ ئاسمانییه‌کانی تورکیا به‌ پاساوی بوونی گه‌ریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان، تۆپبارانی ناوچه‌ سنورییه‌کانی هه‌رێمی کوردستان ده‌که‌ن و به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ چه‌ندین پاوان و کێڵگه‌ سوتاون و چه‌ند که‌سێکیش گیانیان له‌ده‌ستداوه‌.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 16663

Your Comment

You are replying to: .
captcha