کوردپرێس:
هەندێک وشەی کار لە زمانی کوردیدا کاری لێکدراون هەندێکی دیکەش کاری ناتەواون. واتا کارەکە تەواوکەر (متمم)ی لەگەڵ دەبێت.
بۆ نموونە کاری ناتەواوی «کردن» پێویستی بە تەواوکەر هەیە و لە ڕێژەی ڕابردوودا جێناوی کار دەلکێت بە بەرکار (مفعول)ەوە: داوای یارمەتیم کرد.
وەک لە خشتەکەدا دەردەکەوێت وشەی یارمەتی کە بەرکارە بە پیتی دەنگدار یان بزوێنی "ی" تەواو دەبێت و لکانی "ی"ی جێناوی سێهەم کەسی تاک و "یان"ی جێناوی سێهەم کەسی کۆ زەرووەرەتێکە و پێویستە لە نووسیندا ڕەچاو بکرێت.
یەکەم کەسی تاک |
داوای یارمەتیم کرد |
یەکەم کەسی کۆ |
داوای یارمەتیمان کرد |
دووهەم کەسی تاک |
داوای یارمەتیت کرد |
دووهەم کەسی کۆ |
داوای یارمەتیتان کرد |
سێهەم کەسی تاک |
داوای یارمەتیی کرد |
سێهەم کەسی کۆ |
داوای یارمەتییان کرد |
خاڵێکی دیکەی هەڵەی ڕێنووسی لە بارەی «ی»وە وەکوو جێناوی بکەری کردار دەگەڕێتەوە بۆ ڕێژەی سێهەم کەسی ڕابردوو و ناڕابردوو (موزارع)ی کاری ناتەواو. لەو حاڵەتەشدا هەر کاتێک بەرکاری کردارەکە بە پیتی دەنگداری «ی»وە تەواو بووبێت پێویستە هەر دووک «ی»ی وشەکە و «ی»ی جێناوی بکەری کرداریش بنووسرێت بۆ نموونە:
دەقە کوردییەکان هەڵە و ناڕێکیی تێدایە.
یان:
ئەو گرووپە پڕۆسەی ئاشتیی تێک دا
یەکەم کەسی تاک |
پڕۆسەی ئاشتیم تێکدا |
یەکەم کەسی کۆ |
پڕۆسەی ئاشتیمان تێکدا |
دووهەم کەسی تاک |
پڕۆسەی ئاشتیت تێکدا |
دووهەم کەسی کۆ |
پڕۆسەی ئاشتیتان تێکدا |
سێهەم کەسی تاک |
پڕۆسەی ئاشتیی تێکدا |
سێهەم کەسی کۆ |
پڕۆسەی ئاشتییان تێکدا |
هەندێک وشەی "کار" هەن کە بە دەنگ یان بزوێنی "ی" کۆتایی دێن. ئەم وشانەش لە نووسیندا زۆر جار بە هەڵە دەنووسرێن. واتا لە حاڵەتی سێهەم کەسی تاک و کۆدا کە جێناوە لکاوەکان وەک بکەری کارەکە بە کارەوە دەلکێن پیتی "ی"یان تێدا ڕەچاو ناکرێت و ئەمەش هەڵەیە. نموونە: کاری نووسین بۆ شەش کەسی تاک و کۆ لە حاڵەتی ڕابردوودا بەم شێوەیەی خوارەوەیە:
یەکەم کەسی تاک |
من نووسیم |
یەکەم کەسی کۆ |
ئێمە نووسیمان |
دووهەم کەسی تاک |
تۆ نووسیت |
دووهەم کەسی کۆ |
ئێوە نووسیتان |
سێهەم کەسی تاک |
ئەو نووسیی |
سێهەم کەسی کۆ |
ئەوان نووسییان |
دیارە شەش جێناوی لکاوی کوردی کە بە کارەوە دەلکێن بریتین لە م-ت-ی-مان-تان-یان. پێویستە ئاخێوەرانی زمان لە کاتی نووسیندا ئەم جێناوانە ڕەچاو بکەن و وەک لە گوتندا دەردەکەوێت لە نووسینەکەشدا پێویستە بنووسرێن.
Your Comment