بریکاری فەرماندەی پۆلیسی کوردستان: ڕۆژی سێزدەبەدەر چوونە دەرەوە لە شار قەدەغەیە

بەشی کوردستان- بریکاری فەرماندەی پۆلیسی پارێزگای کوردستان لە لێدوانێکدا بە کوردپرێسی وتووە ڕۆژانی 12 و 13ی خاکەلێوە کە پشووی فەرمییە هەموو جۆرە دەرچوونێک لە شارەکان قەدەغەیە و پێویستە هاووڵاتییان گوێبیستی ڕێنمایییەکان بن.

کوردپرێس:

سەرهەنگ عەباس مەسعوودی بریکاری فەرماندەی پۆلیسی پارێزگای کوردستان لە لێدوانێکدا بە ئاژانسی هەواڵی کوردپرێسی ڕاگەیاند: لە چوارچێوەی جێبەجێ کردنی پڕۆژەی دوورکەوتنەوەی کۆمەڵایەتی کە ئەنجومەنی وەزیران و ژووری کۆنتڕۆڵکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا ڕایگەیاندووە، بە هاووڵاتییانی ڕادەگەیێنین کە ڕۆژانی 12 و 13ی خاکەلێوە لە ماڵەکانیان بمێننەوە چوونکە چوونە دەرەوە لە شار قەدەغەیە.

مەسعوودی گوتیشی: پێویستە هاووڵاتییان گوێبیستی ڕێنمایییەکان بن و بۆ ڕۆژی سێزدەبەدەر لە ماڵەکانیان بمێننەوە چوونکە ئەوەی ڕێنمایییەکان ڕچاو نەکات سزا دەدرێت.

جێگری فەرماندەی پۆلیسی پارێزگای کوردستان ئەوەشی زیاد کرد کە پڕۆژەی "دوورکەوتنەوەی کۆمەڵایەتی" تا ڕۆژی 20ی خاکەلێوە بەردەوام دەبێت و دیار نیە ئایا ماوەکەی درێژ دەکرێتەوە یان خەیر.

ناوبراو ئەوەشی ڕوونیشی کردەوە کە تا ئەم کاتە هێزەکانی پۆلیش بە هاوکاریی "ئەماکن" و لایەنە پێوەندیدارەکان هەزار و 51 دووکان و شوێنی کەسابەت کە لە ڕێنماییەکان لایان داوە داخراون. هەروەها تا ئێستا لە کوردستان 107 شۆفیری ئوتومبیلی کە لە ڕێنمایییەکان لایان داوە پێبژاردنیان لە سەر نووسراوە و 7 ئوتومبیلیش "تەوقیف" کراوە و گوازراوەتەوە بۆ پارکینگ.

شایانی باسە ڕۆژی سێزدەبەدەر لە ئێران و ناوچە کوردنشینەکان بە پێی نەریتێکی کۆن وەک ڕۆژی سروشت ناسراوە و هاووڵاتییان هەموو ساڵێک لەو ڕۆژەدا دەچنە داوێنی سروشت و بە گەشت و سەیران ڕۆژەکەیان بە سەر دەبەن بەڵام ئەمساڵ بە هۆی بڵاوبوونەوە و پەرەسەندنی ڤایرۆسی کوشندەی کۆرۆنا چوونە دەرەوە لەو ڕۆژەدا بە ڕەفتارێکی ئێجگار مەترسیدار دەزانرێت.

News Code 158168

Your Comment

You are replying to: .
captcha