لەسەر پرسی پێکهێنانی حکوومەتی عێراق لایەنە سیاسییەکانی هەرێم کۆ بوونەوە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- بەمەبەستی هه‌ڵسه‌نگاندنی دۆخی سیاسیی عێراق دوای سه‌رنه‌که‌وتنی هه‌وڵه‌کانی پێکهێنانی کابینه‌ی نوێی حکوومه‌تی فیدرالی عێراق و هه‌نگاوه‌کانى داهاتوو بۆ پێکهێنانى حکوومه‌ت لاینە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەیێکیان بەڕێوەبرد.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 4/3/2020 به‌ سه‌رپه‌رشتیی نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان و به‌ ئاماده‌بوونی جێگرانی سه‌رۆکی هه‌رێم، کۆبوونه‌وه‌ی هاوبه‌شی لایه‌نه‌ سیاسییه‌کانی کوردستانی به‌شدار له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له‌ سه‌رۆکایه‌تیی هه‌رێمی کوردستان له‌ هه‌ولێر، ئه‌نجام درا.

سه‌ره‌تا نێچیرڤان بارزانی سوپاسی لایه‌نه‌ سیاسییه‌کان و فراکسیۆنه‌ کوردستانییه‌کانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقی کرد، بۆ يه‌کهه‌ڵوێستییان له‌ مامه‌ڵه‌کرن له‌گه‌ڵ دۆخی ئێستای عێراقدا و جه‌ختیشى له‌وه‌ کرده‌وه‌، که‌ پارێزگاری له‌م یه‌کڕیزی و یه‌کهه‌ڵوێستییه‌ بکرێت و سه‌رۆکایه‌تیی هه‌رێمیش وه‌ک چه‌تری کۆکه‌ره‌وه‌ی هه‌موو لایه‌نه‌ کوردستانییه‌کان، له‌سه‌ر بنه‌ماى ئه‌رک و مافه‌کان پشتگیر و پارێزه‌ری ئه‌م يه‌کڕيزى و يه‌کهه‌ڵوێستييه‌ ده‌بێت.

کۆبوونه‌وەکە‌ جه‌ختی له‌سه‌ر په‌رۆشیی هه‌رێمى کوردستان بۆ چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کانی عێراق کرده‌وه‌ و هه‌موو هاوکاری و پشتگیرییێکی بۆ هه‌وڵه‌کانی چاره‌سه‌ری و ده‌ربازکردنی عێراق له‌ کێشه‌ و قه‌یرانه‌کان له‌ چوارچێوه‌ى ده‌ستووردا و له‌سه‌ر بنه‌مای هاوبه‌شیی ڕاسته‌قینه‌ و دابین کردنی مافی هه‌موو پێکهاته‌کانی عێراق، کرده‌وه‌.

له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌دا دووپات کرایه‌وه‌، که‌ "لایه‌نه‌ کوردستانییه‌کان وه‌ک هه‌میشه‌ به‌شێک ده‌بن له‌ چاره‌سه‌ر و له‌م پێناوه‌دا هه‌موو توانايێک ده‌خه‌نه‌ گه‌ڕ، هه‌روه‌ها هه‌موو لایه‌نه‌ سیاسییه‌کان ئاماده‌یيی خۆیان دووپات کرده‌وه‌، بۆ چوونه‌ناو پرۆسه‌ی گفتوگۆیێکی گشتگيرى نیشتمانیانه‌ بۆ پێکهێنانی کابینه‌ی ئاینده‌، به‌ شێوه‌یێک وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ى داوا ڕه‌واکانى تێکڕاى گه‌لى عێراق بێت، تواناى چاره‌سه‌رکردنى کێشه‌ و قه‌يرانه‌کانى وڵاتى هه‌بێت، ببێته‌ مايه‌ى ڕه‌زامه‌نديى ته‌واوى پێکهاته‌کانى عێراق و مافه‌ ده‌ستوورييه‌کانى هه‌رێمى کوردستان دابين بکات.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 157772

Your Comment

You are replying to: .
captcha