28 کەس لە کرماشان گومانی نەخۆشیی کۆرۆناڤایرۆسیان لێ دەکرێت

بەشی کرماشان- بەرپرسی ئەرکانی کۆنتڕۆڵکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە زانکۆی پزیشکیی کرماشان لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند 43 کەس لە نەخشۆشخانەکانی کرماشان خراونەتە ژێر چاودێری کە گومانی ئەوەیان لێدەکرێت هەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنا بن.

ئیبراهیم شەکیبا بەرپرسی ئەرکانی کۆنتڕۆڵکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە زانکۆی پزیشکیی کرماشان لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند تا ئەم کاتە 787 کەس سەردانی نەخۆشخانەکانی کرماشانیان کردووە پشکنینی کۆرۆنایان بۆ کراوە. لەو ژمارەیە 750 کەسیان تێستەکانیان نێگەتیڤ بووە و 37 کەسیش نەخۆشییەکەیان ئەنفڵۆئەنزا بووە.

ناوبراو ئاشکراشی کرد تا ئەم کاتە بۆمان دەرکەوتووە کە سێ کەس هەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنان و لە بەشی چاودێریی چڕی نەخۆشخانەکانی کرماشان چاودێری دەکرێن.

بەرپرسی ئەرکانی کۆنتڕۆڵکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە زانکۆی پزیشکیی کرماشان ئەوەشی زیاد کرد کە پشکنینی پزیشکی بۆ 16 کەسی دیکەش کراوە و نموونەی خوێنەکان نێردرواتە تاران و تا ئەم کاتە ئەنجامی پشکنینەکە نەگەڕاوەتەوە.

شەکیبا گوتیشی ماوەی دوو ڕۆژە کیت و کەرەستەی پشکنین و فەحسی کۆرۆنا لە کرماشان دامەزراوە و لە هەفتەی داهاتووەوە جیهاز و کیتی پێویست دەگاتە ئەو پارێزگایە.

شایانی باسە چەند ڕۆژێکە حکوومەتی ئێران بە فەرمی ڕایگەیاندووە کە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە چەند شار و پارێزگای ئەو وڵاتە بڵاو بۆتەوە و بەگوێرەی دوایین ئاماری وەزارەتی تەندروستی تا ئەم کاتە 388 کەس بەو ڤایرۆسە تووش بوون و 34 کەسیش گیانیان لە دەست داوە.

News Code 157697

Your Comment

You are replying to: .
captcha